Accessibility links

جۆو بایدن وتارێک پێشکەش دەکات بە ئامانجی نەهێشتنی دابەشبوون لە ئەمریکادا


جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە بە گەلی ئەمریکای ڕاگەیاند "دیموکراسی سەرکەوت."

ئەم وتارەی بایدن، دوابەدوای دەنگدانی دەستەی نوێنەران بوو بۆ دەستنیشانکردنی سەرکەوتوی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ی سەرۆکایەتی ئەمریکا و بایدن وەک 46ەمین سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاست کرایەوە.

سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێت "بنەماکانی فەرمانڕەوایەتی وڵات، پاڵیان پێوە نرا و تاقیکرانەوە و هەڕەشەشیان لێدەکرا، بەڵام نەڕوخا."

لە وتارەکەیدا کە لە ناوچەی ویڵمینگتۆن لە ستانی دێلاوێرەوە پێشکەشی کرد، ئامانجی بایدن ئاڕاستەکردنی ئەمەریکاییەکان بوو بۆ قۆناغی دوای پشێویەکانی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بینران و هەروەهاش ڕەتکردنەوەکانی سەرۆک ترامپ بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێت "ئەگەر کەسێک پێشتر نەیزانیبێت، ئەوا ئێستا دەیزانین. ئەوەی لەناو دڵی ئەمریکاییەکاندا لێدەدات، دیموکراسییە. مافی گوێلێگرتن، مافی ئەژمارکردنی دەنگەکەت، مافی هەڵبژاردنی ڕێبەرانی ئەم وڵاتە."

پاش بەدەستهێنانی زیاتر لە 81 ملیۆن دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020دا کە بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت، بایدن لە هەوڵی بەدەستهێنانی قورساییەکی گەورەتردایە هاوکاتی خۆ ئامادەکردنەکانی بۆ ڕۆژی 20ی مانگی یەکی ساڵی 2021 و چوونە کۆشکی سپی.

ئەم هەوڵەی بایدن، بەهۆی ڕەتکردنەوەکانی سەرۆک ترامپەوە ئاڵۆز بووە کە ڕێی یاسایی گرتووە بەبێ هەبوونی بەڵگەی کۆنکریتی. بەردەوام ئەو داوا یاساییانەی سەرۆک ترامپ لە داگاکاندا بە دادگای باڵای ئەمریکاشەوە ڕەتکراونەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە کارەکانی سەرۆک ترامپ بوونە مەترسی لەسەر بنەما دیموکراسییەکان، لەوانە ئاڵوگۆڕێکی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵام بایدن جەختی کردەوە لەوەی سیستەمی حکومەت و فەرمانڕەوایەتیکردن لە ئەمریکادا وەک خۆیەتی و دەڵێت "لە ئەمریکا سیاسەتمەداران نابنە خاوەن دەسەڵات، خەڵک ئەو دەسەڵاتەیان دەداتێ. مەشخەڵی دیموکراسی زۆر لە مێژە لەم وڵاتەدایە، دەشزانین هیچ شتێک، تەنانەت پەتا، یان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات ناتوانن ئەم مەشخەڵە دابمرکێننەوە.

جۆو بایدن، جارێکی تریش پەیمانی دایەوە "سەرۆکی هەموو ئەمریکاییەکان بێت" وەک دەڵێت " کاری ماندونەناسانەی خۆم دەکەم بۆ ئەوانەی دەنگیان پێنەداوم، بە هەمان ئەندازەی کارکردنم بۆ ئەوانەی دەنگیان پێداوم."

ئەگەر و نەگەری کاریگەری ئەو پەیامەی بایدن بۆ یەکگرتوویی، پێویستی بە چاوەڕوانییە تا بزانرێت چۆن دەکەوێتەوە.

گەورە کۆمارییەکان بە گشتی پشتیوانییان لە ترامپ و ڕای ترامپ دەکرد سەبارەت بە هەبوونی فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتیدا، هەر بۆیە دەشێت هەر کە بایدن دەسەڵاتی وەرگرت، پێنەچێت دەرفەتی بدەنێ بۆ ئەو مانگە هەنگوینییەی وەک بارێکی باوە.

بایدن ڕووبەڕووی ئەگەری سیناتێکی دابەشبوو دەبێتەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی مانگی داهاتووی ستانی جۆرجیا بڕیاردەر دەبێت لەوەی چ لایەنێک کۆنترۆڵی سینات دەکات، هەروەها لە ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا دیموکراتەکان بە ژمارەیەکی کەمی کورسییەکانی ئەو خانەیەی کۆنگرێس لە پێشن و لە هەڵبژاردنەکەدا کۆمارییەکان توانییان ژمارەی کورسییەکانیان زیاد بکەن لەگەڵ ئەوەشدا کە ترامپ لە هەڵبژاردندا سەرنەکەوت.

لە وتارکەیدا، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئاماژەی بە هەندێک لە ڕووداوە نەخوازراوەکانی پاش ڕۆژی هەڵبژاردن کرد و دەڵێت "ئەوە هیوایەکی ڕاستەقینەی منە، تا جارێکی تر هیچ کەسێک نەبینینەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی جۆراوجۆر بکرێتەوە هاوشێوەی ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا بینیمان، زۆر بە سادەیی، ئەوەی ڕوویدا، کارێکی ناماقوڵ بوو."

جۆو بایدن و کامڵا هێرس
جۆو بایدن و کامڵا هێرس

جۆو بایدن، ئاماژەی بەو زیاتر لە 81 ملیۆن دەنگەش کرد کە دراون بە خۆی و کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و هەروەها ئاماژەشی بە دەنگەکانی دەستەی نوێنەرانیش کرد کە ڕێک هاوشێوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2016 سەرۆکایەتی بووە و دەڵێت " بۆ ئێستا و بۆ ئەوساش، سەرکەوتنێکی ڕوون و ئاشکرایە."

بایدن دەڵێت "ئێستا کاتی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و یەکگرتوویی و ساڕێژبوونەوەیە."

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ئەو کارنامەیەشی خستە ڕوو کە باڵ دەکێشێت بەسەر ڕۆژانی بەرایی بەڕێوبەرایەتییەکەیدا، وەک باسی کرد، بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە دابەشکردنی ڤاکسینی دژە کۆڤید 19 بەشێکی دەبێت و هەوڵدانیش بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە و هەروەهاش بوژاندنەوەی ئابوری کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانی لێکەوتووە.

XS
SM
MD
LG