Accessibility links

سزای نوێ بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا


ئەمریکا بۆ یەکەم جارە ئێران گوناهبار بکات بەوەی دەستی ڕاستەوخۆی هەیە لە "ئەگەری مردن"ی بۆب لیڤینسن، کارمەندی پێشووی دەزگای لێکۆڵینەوەی فێدراڵی، ئێف بی ئای.

بۆب لیڤینسن لە 13 ساڵ لەمەوبەرەوە دیارنەماوە و هەر ئەمڕۆش دووشەممە لەگەڵ تاوانبارکردنی ئێران لەو دۆسێیەدا، ئەمریکا سزای سەپاندە سەر 2 کارمەندی دەزگای ئیتیلاعاتی ئێرانی.

ئاشکراکردنی ئەم دۆسێیە لە کاتێکدایە مانگێک و چەند ڕۆژێک ماوە تا جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەستبەکاربێت. بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ داوا لە بایدن دەکات ئازادکردنی 3 ئەمریکایی کە لە ئێران گیراون، بکاتە ئەرکێکی سەرەکی وەک بەشێک لەوەی وەها چاوەڕوان دەکرێت و بە دەستپێکردنەوەی دیپلۆماسی ناودێر دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، کریستۆفەر ڕەی، بەڕێوبەری ئێف بی ئای دەڵێت "حکومەتی ئێران پەیمانی دابوو کارئاسانی بکات و یارمەتیش بدات بۆ گێڕانەوەی بۆب لیڤنسن بۆ ئەمریکا بەڵام هەرگیز ئەو پەیمانەی جێبەجێنەکرد."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا کریستۆفەر ڕەی نوسیویە " ڕاستییەکە ئەوەیە ئەفسەرانی دەزگای ئیتیلاعاتی ئێران و بە ڕەزامەندی گەورە کاربەدەستانی ئێران دەستیان هەبووە لە ڕفاندنی بۆب و هەروەهاش دەستبەسەرکردنی."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە سزای سەپاندۆتە سەر دوو کارمەندی ئیتیلاعاتی ئێران بە ناوی موحەمەد باسیری و ئەحمەد خازەیی و دەشڵێت " ئەو دووانە بەشدارییان هەبووە لە ڕفاندنەکەدا هەروەها لە ئەگەری مردنی بەڕێز لیڤنسندا."

ئەم سزایانە بە گشتی سیمبۆلین، چونکە ئەو دوو کەسە هیچ ئەژمارێکی بانکییان لە ئەمریکادا نییە، بەڵام دەبنە گرفت لەبەردەمیاندا هەرکاتێک بیانەوێت لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی جموجۆڵ بکەن.

گەورە کاربەدەستێکی ئەمریکا، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران، داوای لە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن کردووە تا چارەسەری کێشەی ئەو هاوڵاتیە ئەمریکاییانە بکات کە دیارنەماون و دەڵێت " پێویستە دانوستاندن لەسەر هیچ ڕێککەوتنێک نەکرێت لەگەڵ ئێراندا تا ئازادکردنی ئەو ئەمریکاییانەی لە ئێران بە ناڕەوا دەستگیرکراون، ئێران تەمەنی 41 ساڵە و 41 دۆسێی بە بارمتەگرتنی لەسەرە."

سەرۆک ترامپ سزای توندی داوە بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لەوانە هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی تەواوی فرۆشتنی نەوتی هەناردە کراوی ئێران، پاش کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا مۆرکرا.

هاوکاتی مۆرکردنی ئەو ڕێککەوتنە، ئێران قایل بوو بە ئازادکردنی 4 هاوڵاتی ئەمریکایی کە لەوێ گیرابوون. ئەو ڕێککەوتنە توڕەیی و ناڕەزایی کۆمارییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە سەرۆک ئۆباما لەو کاتەدا فرمانی گێڕانەوەی سامانی سڕکراوی ئێرانییەکانی دابوو.

XS
SM
MD
LG