Accessibility links

دەستەی نوێنەران ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا یەکلادەکاتەوە


لەگەڵ ئەوەشدا کە چەند کاتژمێرێکی ماوە تا دەستەی نوێنەران "ئێلێکترۆڵ کۆلیج" بڕیاری فەرمی خۆیان بدەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەرکەوتنی جۆو بایدن و بوونی بە 46ەمین سەرۆکی ئەمریکا، دانۆڵد ترامپ بەردەوامە لە هەوڵەکانی خۆی کە دەڵێت سەرلەنوێ هەڵبژێردراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتی کردن لە چوار ساڵی داهاتوودا.

سەرۆک ترامپ بە کەناڵی فۆکس نیوس ڕادەگەینێت "نا هێشتا تەواو نەبووە" لەگەڵ ئەوەشدا کە دەیان دادگا لە ئەمریکادا بڕیاری خۆیان داوە دژی داواکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بەوەی فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یازدەی ڕابردوودا کراوە.

لەو دیمانەیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، سەرۆک ترامپ دەڵێت "ئێمە بەردەوام دەبین، بەردەوامیش بەرەوپێش دەڕۆین، ژمارەیەک دۆسێمان هەن و لە هەندێک لە ستانەکاندا دەنگەکانمان دزراون و لەو ستانانەدا بردومانەتەوە، لە مێشیگان و پێنسلڤانیا و جۆرجیا، هەڵبژاردنمان جیاوازییەکی زۆرەوە بردۆتەوە."

بەڵام کاربەدەستانی هەڵبژاردن لەو ستانانەدا پێچەوانەی ئەو لێدوانەی سەرۆک ترامپ باس دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە دەستەی نوێنەران لە پایتەختی ستانەکانی ئەمریکادا کۆدەبنەوە و وەهاش چاوەڕوان دەکرێت سەرکەوتنی جۆو بایدن پشتڕاست بکەنەوە.

بایدن بۆ 36 ساڵ سیناتۆر بووە و 8 ساڵیش جێگری سەرۆک براک ئۆباما بووە.

هەر کاندیدێکیش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا پێویستی بە 270 دەنگی نوێنەران هەیە تا بە سەرکەوتووی هەڵبژاردن ڕابگەیەندرێت.

تیمی قۆناغی گواستنەوەی بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دەڵێت وەها چاوەڕواندەکرێت سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە ناوچەی ویڵمینگتۆن لە ستانی دێلاوێرەوە وتارێک پێشکەش بکات لەسەر پشتڕاستکردنەوەکەی دەستەی نوێنەران.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە مەیدانی گۆڵفەکەیەوە لە ستانی ڤیرجینیا، جارێکی تریش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویەتیەوە "گەندەڵی لە هەڵبژاردندا کراوە."

بایدن هیچ تێبینی سەرنجێکی لەسەر ئەو پۆستەی تویتەری سەرۆک ترامپ نەداوە.

وەها پێشبینی دەکرێت ئەنجامی دەنگدانەکەی دەستەی نوێنەران 306 دەنگ بۆ بایدن بێت و 232 دەنگیش بۆ سەرۆک ترامپ، ئەمەش هەمان ئەو ئەنجامەی دەنگی نوێنەرانە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016ی نێوان دانۆڵد ترامپ و هێلەری کلنتن کە ترامپ سەرکەوتنی تیادا بەدەستهێنا.

XS
SM
MD
LG