Accessibility links

سودان لە لیستی تێرۆریستان لادەدرێت


سەرۆک ترامپ هاوکاتی پەیوەندییەکی تەلەفونی لە گەڵ ڕێبەرانی ئیسرائیل و سوداندا
سەرۆک ترامپ هاوکاتی پەیوەندییەکی تەلەفونی لە گەڵ ڕێبەرانی ئیسرائیل و سوداندا

ئەمریکا بە فەرمی وڵاتی سودانی لە لیستی ڕەشی ئەو وڵاتانە لاداوە کە سەرپەرشتیاری تێرۆریزمن، بەپێی ڕاگەیەندراوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە خەرتوم.

ئەم بڕیارەی ئەمریکاش نزیکەی 2 مانگ پاش ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی سودانە لەگەڵ ئیسرائیلدا.

بەم هەنگاوە، ڕێگە دەکرێتەوە بۆ کۆمەک و یارمەتی و پێدانی قەرزی بوژاندنەوە و هەروەهاش وەبەرهێنان بۆ سودان لە کاتێکدا بە قۆناغێکی قورسی گواستنەوەدا تێپەڕدەبێت و بێ لەوەش کەوتۆتە ژێر باری قەیرانی ئابوری و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش هێندەی تر ڕەوشی ئابوری وڵاتەکەی خراپ کردووە.

سەرۆک ترامپ لە مانگی 10ی ڕابردوودا ڕایگەیاند، سودان لە لیستی ڕەشی سەرپەرشتکارانی تێرۆریزم لادەدات.

27 ساڵ لەمەوبەر، سودان زێدکرایە سەر ئەو لیستە بەهۆی داڵدەدان و حەشاردانی میلیشیا ئیسلامییەکانەوە.

ئەم بڕیارە لەمڕۆ دووشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە پاش ئەوەی لە تۆماری فێدراڵیدا بڵاودەکرێتەوە.

وەک بەشێک لەم بڕیارە، وڵاتی سودان قایل بووە بەوەی 335 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بدات بە ڕزگاربووان و هەروەهاش کەسوکاری هێرشەکانی ساڵی 1998ی ئەلقاعیدە بۆسەر باڵیۆزخانەکانی کینیا و تەنزانیا و هێرشەکەی ساڵی 2000یش لە کەناری یەمەن کرایە سەر کەشتی یو ئێس ئێس کۆڵ.

ئەو هێرشانەش پاش ئەوە کراون کە عومەر ئەلبەشیر، دیکتاتۆری سودان، ڕێگەیدا بە ئوسامە بن لادن، سەرۆکی ئەوکاتەی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە لە وڵاتی سودان نیشتەجێبێت.

XS
SM
MD
LG