Accessibility links

ئێران باڵیۆزەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا بانگ دەکات بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەهۆی ڕەخنەکانیان لەسەر لەسێدارەدانی ڕوحوڵا زەم


میدیای دەوڵەتی ئێران ڕادەگەیەنێت ڕۆژی یەکشەممە ئێران بانگی باڵیۆزی ئەڵمانیا، کەلە ئێستادا سەرۆکایەتی بەنۆبەی یەکێتی ئەوروپای دەستدایە، لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسادا کردووە بەهۆی ئەوەی ڕەخنەیان لە ئێران گرتووە لەسەر لەسێدارەدانی ڕۆژنامەوانێکی ئێرانی.

وەزارەتی دەرەوە ناڕەزایەتی ئێرانی لەسەر ڕەخنەکانی فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا بۆ لەسێدارەدانی ڕۆژنامەوان ڕوحوڵا زەم ، کە بەرلەوەی لە عێراق دەستگیر بکرێت و ببرێت بۆ ئێران لە پاریس دەژیا، گەیاندە ئەو باڵیۆزانە.

ڕۆژنامەوان ڕوحوڵا زەم، کە بە ئەنجامدانی توندوتیژی لەکاتی خۆپێشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە ساڵی 2017دا تاوانبارکرابوو ڕۆژی شەممە لەسێدارە درا.

تۆمەتی سەرەکی لە دژی ڕوحوڵا زەم، بەڕێوەبردنی کەناڵی تێلێگرامی ئامەد نیوز (دەنگی گەل) بوو کە زیاتر لە ملیۆنێک شوێنکەوتوی هەبوو.

یەکێتی ئەورپا بە توندترین شێوە ئەو کردارەی شەرمەزارکرد و جارێکی تر دژایەتی خۆی بۆ بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە هەرهەلومەرجێکدا دووپاتکردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەسێدارەدانی ئەو ڕۆژنامەوانەی بە کردارێکی "دڕندانەو جێی قبوڵنەکردن " وەسف کرد.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە بڵاوکراوەیەکیدا بە توندی لەسێدارەدانی سەرنوسەری کەناڵی تێلگرامی ئامەد نیوز شەرمەزار دەکات و دەڵێت " بە لەسێدارەدانی ڕوحوڵا زەم، دەسەڵاتدارانی ئێران چوونە ڕیزی دەسەتەو تاقمە تاوانکارییەکان و توندڕەوە توندوتیژەکانی کە ڕۆژنامەوانان بە کوشتنیان بێدەنگ دەکەن".

شەریف مەنسور، بەڕێوەبەری بەرنامەی CPJ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا لە واشنتنەوە گوتی " ئەمە کردارێکی دڕندانەو شەرمەزارییە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی نابێت پشتگوێی بخات."

ڕوحوڵا زەم کوڕی محەمەد عەلی زەم، مەلایەکی دیاری شیعەیە لە ئێران کە یكێک بووە لەبەرپرسەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامی. ناوبراو لە ئێران هەڵاتبوو و پەنای بۆ فەڕەنسا بردبوو. کەناڵی تێلێگرامەکەی بە گشتی هەواڵی گەندەڵی و پێشێلکاری و هەواڵی خۆپیشاندان و گردبونەوەکانی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیاند.

سوپای پاسداران پاییزی ساڵی ڕابردوو دەستگیرکردنی زەمی ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە ڕێگای چالاکییەکی بەهێزی ئاسایشەوە وایان کردووە کە ناوبراو بگەڕێتەوە وڵات و لەوێ دەستگیریان کردووە. زۆری نەخایاند دەرکەوت ڕوحوڵا زەم لە عێراق دەستگیر کراوەو ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG