Accessibility links

ئەمریکا 14 گەورە کاربەدەستی چین سزا دەدات


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ سزای سەپاندە سەر 14 کاربەدەستی وڵاتی چین بەهۆی ئەو هەڵمەتی سەرکوتکردنەی دژی داواکارانی دیموکراسی دەستیان پێکردووە لە هۆنگ کۆنگ.

ئەم سزایانەی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و خەزێنەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاندووە سەپێندراونەتە سەر ئەندامانی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی نیشتمانی نوێنەرانی گەل و هاوکاتیشە لەگەڵ هەروادێ و چڕکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی سزادان لەسەر چین و ئێران و هەروەها ڤەنزەوێلاش.

ئەم سزا نوێیانەش سڕ کردنی سامانی هەر یەکێک لەو 14 کاربەدەستەی چین دەگرێتەوە لە هەر شوێنێکی جیهاندا کە ئەمریکا دەسەڵاتی یاسایی هەبێت و هەروەها ڕێگەش دەگرێت لە ئەندامانی خێزانەکانیان لەوەی سەردانی ئەمریکا بکەن.

بەڕێوبەرایەتی ئەمریکا کۆتوبەندێکی قورسی خستە سەر ڤیزا پێدان بە بەرپرسانی پارتی کۆمۆنیستی چین لە چوارچێوەی ئەو سزایانەی سەپێندرانە سەر بێژینگ بەهۆی ڕەفتارەکانیەوە لە ناوچەکانی وەک سینجیانگ و تبت و تایوان و دەریای باشوری چین.

مایک پەمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا جارێکی تریش جەختی لە پێشێلکارییەکانی چین کردۆتەوە لەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بەریتانیادا مۆریکردبوو، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە لە ساڵی 1997دا هۆنگ کۆنگ گەڕایەوە ژێر فەرمانڕەوایەتی چین.

پەمپێیۆ دەڵێت چین ئەنجومەنی یاسادانانی لە هۆنگ کۆنگ خراپ کردووە و گۆڕیویەتی بۆ ئەنجومەنێک کە ئۆپزسیۆنێکی ڕاستەقینەی تیادا نییە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت ئەو ڕەفتارانەی چین نیشانی دەدەن "جارێکی تریش بێژینگ وابەستەییەکانی خۆی فەرامۆش کردووە لەو ڕێککەوتنەدا کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "بڕیارەکانمان نیشانی دەدەن ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و هاوبەشەکانماندا تا بێژینگ وابەستەی خودموختاری بێت بۆ هۆنگ کۆنگ و ئەمریکا هانی چین دەدات تا وابەستەی پەیمانەکانی خۆی ببێت و گوێ لە دەنگی ئەو وڵاتانەش بگرێت کە ناڕەزاییان هەیە بەرامبەر ڕەفتارەکانی چین."

XS
SM
MD
LG