Accessibility links

چین داوای دیالۆگی نوێ دەکات لە ئەمریکا


وڵاتی چین داوای دەستپێکردنەوەی دیالۆگ دەکاتەوە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی نوێی جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.

ئەم دوایەی بێژینگ لەکاتێکدایە ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو زلهێزە ئابورییە، بەردەوامە.

چین و ئەمریکا لەسەر ژمارەیەک دۆسێ ناکۆکی لە نێوانیاندایە، لەوانە بازرگانی و خواستەکانی بێژینگ لە دەریای چین و هەروەهاش تۆمارەکانی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا بۆ ئەنجومەنی کارداری ئەمریکایی چینی، جەختی کردۆتەوە لەوەی وەک دەڵێت "لەسەر هەردوو لا پێویستە پێکەوە کار بکەن."

وەزیری دەرەوەی چین کە لە ڕێی ڤیدیۆوە بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا کردووە، دەڵێت "پێویستە لەسەرمان دەستبکەینەوە بە دیالۆگ و دروستکردنەوەی متمانە لە قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چیندا."

ئەم لێدوانانەی وانگ یی، پاش چەند ڕۆژێکە لەو کۆتوبەندانەی واشنتۆن خستونیەتە سەر ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی چین بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا کردوویانە.

وەهاش چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا ئەمریکا سزای تر بەسەر چیندا بسەپێنێت، وەک نێوەندی بلومبێرگ نوسیویە "ئەمریکا لە تاووتوێی سڕکردنی سامانی زیاتر لە 10 بەرپرسی وڵاتی چیندایە، ئەوانەی پێچەوانەی یاسادانەرانی هۆنگ کۆنگ کاریان کردووە دژی دیموکراسی.

واشنتۆن، بێژینگ گوناهبار دەکات بەوەی بەرپرسیارە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید 19 و سەرکوتکردنی ئازادییەکان لە هۆنگ کۆنگ و هەروەهاش لە ناوچەی شینجیانگ لە باکوری ڕۆژئاوای چین کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانن

XS
SM
MD
LG