Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان: نەمانی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا چەندین ساڵی دەوێت


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەو زیانەی کۆڤید-19 بە جیهانی گەیاندووە تەنها بە ڤاکسینێک چارەسەرنابێت و چەند ساڵی پێ دەچێت ڕەنگە تا دەساڵیش بۆ ئەوەی بتوانرێت بە تەواوەتی کاریگەرییەکانی نەمێنن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لە میانەی دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجومەنی گشتیدا گوتی " کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی ئەم پەتایە بێشومارن و زیاتریش دەبن."

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوبۆوە ئاماژە بەوە دەکات دەشێت لەم ساڵدا بەهۆی ئەم پەتایەوە 32 ملیۆن کەس بەرەو هەژارییەکی زۆر بڕۆن. نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی دا ئەو هەوڵانە دەستنیشان بکات کە بتوانێت لە ڕێگایانەوە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ملیۆنان کەسی تر زیاد بکات.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی هاوکاری کردنی بەو وڵاتانەش کرد کە پێویستیان پێیەتی.

نزیکەی 80 سەرۆکی وڵات و حکومەت بەشدارن لەو کۆنفرانسە دوو ڕۆژییەی کە بە ڕێگای ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و بریتیشە لە وتاری زانایان، شارەزایان و سەرۆکانی چەند ڕێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناویاندا بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوتی تەندروستی جیهانی.

بە پێی ئامارەکانی نێوەندی لێکۆڵینەوەی کۆرۆنای زانکۆی جۆنس هۆپکنس هەتا ئێستا نزیکەی 1 ملیۆن و نیو کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە لە کۆی 64 ملیۆن و سەش سەد توشبوودا.

XS
SM
MD
LG