Accessibility links

هەرێم بۆ ڤاکسینی کۆرۆنا چاوی لەسەر بەغدایە


لەکاتێکدا کۆمپانیاکانی بواری دەرمان، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و خستنە بازاڕی ڤاکسینەکانی بواری پەتای کۆرۆنا، عێراق ئامادەکاری بۆ کڕینی ڤاکسینەکە دەکات، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمیش، چاوی لەسەر بەغدایە، تا پشکی هەرێم لەو ڤاکسینە بنێرێت.

دکتۆر خاڵس قادر بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەماهەنگی بەردەوامداین، هەرکات عێراق ڤاکسینی کۆرۆنای دابینکرد، بەشی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت."

جەختیشیکردەوە"تائێستا لە مەسەلەی ڤاکسیندا گرفتیان نەبووە، بەردەوام لەلایەن عێراقەوە دابینکراوە و بەشی هەرێمیش دراوە."

ئامادەکاری حکومەتی عێراق بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا، لەکاتێکدایە ئەو پەتایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی بڵاوبووەتەوە، ڕۆژانە سەدان کەس توشی ئەو ڤایرۆسە دەبن و دەیان کەسی تریش بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.

پەرلەمانتارانی کوردیش لەپەرلەمانی عێراق، لە ئێستاوە کەوتوونەتە جم و جۆڵ و بینینی بەرپرسانی تەندروستی عێراق، تا لە حاڵەتی کڕینی ڤاکسینەکەدا، عێراق پشکی هەرێمی کوردستانیش دابین بکات.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، کە بەوتەی خۆی بۆ مەسەلەی دابینکردنی ڤاکسین بۆ هەرێم، سەردانی وەزارەتی تەندروستی عێراقی کردووە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"وەزیری تەندروستی عێراق، بەڵێنی پێداین، پشکی هەرێم دابین بکات، لەو ڤاکسینەی عێراق دەیکڕێت."

وتیشی"کۆرۆنا کێشەیەکی گشتی و نیشتیمانیە، دەبێت بەغدا لەو ڤاکسینەی دەیکڕێت، بەشی هەرێم بدات، گەر پشکەکەش کەم بوو، هەرێم هەوڵی خۆی بدات."

هەرچەندە هەندێک لە کۆمپانیاکانی بواری دەرمان، گەیشتوون بە قۆناغەکانی کۆتایی بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، بەڵام تا ئێستا لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە، دوابڕیار لەسەر هیچکام لەو ڤاکسینانە نەدراوە، تا بخرێتە بازاڕ و بەکار بهێنرێ.

دکتۆر خاڵس قادر، ڕوونیکردەوە گەر پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە لە مەسەلەی ڤاکسینی کۆرۆنادا کەمبوو، وەکو وەزارەتی تەندروستی هەوڵ دەدەین ئەو جۆرە ڤاکسینە دەست بخەین، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە باوەڕ پێکراو و سەلامەت و کاریگەرە، وتی"ڕێگەی یەکەممان بۆ دابینکردنی ڤاکسین، وەزارەتی تەندروستی عێراقە."

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەعێراق و هەرێمی کوردستان، تەنها زیانی تەندروستی نەبووە، بەڵکو زۆربەی کەرتە حکومیەکانی وەستاندووە، زیانێکی گەورەی ئابوریشی لێکەوتووەتەوە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:03:25 0:00


XS
SM
MD
LG