Accessibility links

وێڕای زۆربوونی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، عێراق خوێندنگاکان دەکاتەوە


لە عێراق خوێندنگاکان دەکرێنەوە وێڕای زۆرتربوونی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، وەک سەرچاوە فەرمییەکان ئاماژەی پێدەکەن زیاتر لە 12 هەزار کەس بەهۆی ئەم پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە.

خوێندکاران لەمڕۆ یەکشەممەوە دەگەڕێنەوە خوێندنگاکانیان بەڵام لەگەڵ وابەستەبووندا بە ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا.

یەکێک لەو ڕێوشوێنانە ئەوەیە قوتابییەکان تەنها یەک ڕۆژ دەچنەوە خوێندنگەکانیان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا.

عێراق وەک زۆربەی وڵاتانی تر،بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆڤید 19وە لە مانگی 2ی ڕابردووەوە لە بواری خوێندندا پەنای بردە بەر خوێندن لە ڕێی ئۆنلاینەوە.

بەڵام خوێندن لە ڕێی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە بۆ زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو وڵاتانەی ژێرخانێکی لاوازیان هەیە و بەهۆی دەیان ساڵی شەڕەوە دووچاری مەینەتی هاتوونەتەوە، کارێکی قورسە و بەردەستیش نابێت.

عێراق لە ڕیزبەندی دووهەمدایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دوای ئێرانەوەیە لە ڕووی مردن و توشبوون بەپەتای کۆرۆنا.

ئامارە فەرمییەکان دەڵێن زیاتر لە 500 هەزار کەس لە عێراق تووشی پەتای کۆرۆنا بوون. کاربەدەستانی تەندروستی وڵاتەکە دەڵێن ڕۆژانە نزیکەی 2400 کەس دووچاری ئەم پەتایە دەبن، دەشڵێن دەشێت ئەو ژمارەیە زیاتر بێت چونکە بەشێک لە عێراقییەکان کە نیشانەکانی ئەم پەتایەیان تیادا دەرکەوتووە، بە باشتری دەزانن لە ماڵی خۆیاندا بمێننەوە و خۆیان لە نەخۆشخانەکان دوور بگرن.

XS
SM
MD
LG