Accessibility links

دادگای باڵای ستانی پێنسلڤانیا داوای یاسایی کۆمارییەکان ڕەتدەکاتەوە


دادگای باڵا لە ستانی پێنسلڤانیا داوایەکی نوێی یاسایی تیمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە.

بەم بڕیارەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممەی دادگا تەواوی ئەو ئەگەرانە ڕەوێندرانەوە بۆ گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 3 ی مانگی 11 کرا بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا.

لەو داوا یاساییەدا کۆمارییەکان تۆماریان کردبوو، دوو خاڵیان خستبووە ڕوو، یەکەمیان تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانەکانی لە ڕێی دامەزراوەی پۆست و گەیاندنەوە کرابوون، دووهەمیشیان هەڵوەشاندنەوەی تەواوی دەنگدانەکە بووە تا یاسادانەرانی ستانی پێنسلڤانیا بڕیار بدەن لەوەی کام یەکێک لە کاندیدەکان سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵی سەرۆکایەتی بووە.

جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە جیاوازی 81 هەزار دەنگ لە ستانی پێنسلڤانیا لە پێش سەرۆک دانۆڵد ترامپەوەیە.

دادگای باڵای ئەم ستانەی ئەمریکا، هەردوو داواکەی کۆمارییەکانی ڕەتکردەوە و داوای دووهەمی کۆمارییەکانیشی بە شتێکی "سەرسوڕهێنەری لە ناکاو" ناودێر کردووە و دەشڵێت ئەو داوایە، 6 ملیۆن و 900هەزار کەس لە ستانی پێنسلڤانیا لە مافی دەنگدان بێبەش دەکات.

سەبارەت بە یەکەمین داوای کۆمارییەکانیش، تانە لێدانە لە یاسایەکی ساڵی 2019 کە ڕێگە دەدات بە دەنگدان لە ستانی پێنسلڤانیا لە ڕێی دامەزراوەی پۆست و گەیاندنەوە و لە داواکەشدا هاتووە کە ئەو یاسایە، یاسایەکی نا دەستورییە.

دادوەران لە بڕیارەکەیاندا دەڵێن، تانەدان لەو یاسایە دواکەوتووە، چونکە ساڵێک زیاترە ئەو یاسایە پەسەند کراوە. دادوەرانی دادگای باڵای ستانی پێنسلڤانیا دەڵێن "تانە لێدانی ئەو یاسایە لە کاتێکدایە کە پێدەچێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن یەکلابووبنەوە."

ڕۆژی 24 مانگی 11، ستانی پێنسلڤانیا سەرکەوتنی جۆو بایدنی پەسەند کرد و ئەم داوا یاساییە نوێیەی کۆمارییەکانیش بە مەبەستی تانە لێدانی ئەو پەسەند کردنە بووە.

ڕۆژی هەینیش، دادگایەکی فێدراڵی بۆ پێداچوونەوە، داوایەکی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە. سەرۆک ترامپ دەڵێت فێڵ و تەڵەکە کراوە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتیدا، بەڵام دادگا ڕەتیکردەوە بڕیارێکی پێشتری دادگایەکی تر سڕ بکات کە سەرکەوتنی بایدنی لە ستانی پێنسلڤانیا پەسەند کردبوو.

دادوەران دەڵێن هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە بۆ ئەو قسە و باسانەی دەڵێن ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە و دەشڵێن "ئەو جۆرە گوناهبارکردنانە بەوەی لە هەڵبژاردندا ساختەکاری کراوە، گوناهبارکردنی مەترسیدارن و هەر تەنها ئەوەی بگوترێت ساختەکاری کراوە بەس نییە تا بگوترێت بەڵێ فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردندا کراوە."

سەرۆک ترامپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، ڕۆژی پێنجشەممە نوسیویە "ساختەکاری لە هەڵبژاردندا بە ڕێژەی لە سەدا سەد بووە."

سەرۆک ترامپ دەڵێت "ساختەکاری لە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەدا کراوە."

لە بەرامبەریشدا جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئاگاهیداوە بەوەی وەک دەڵێت "ئەمریکاییەکان هەرگیز ڕێگە نادەن ڕێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەگیرێت."

XS
SM
MD
LG