Accessibility links

شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا نیگەرانی ژاپۆنییەکان زیاتر دەکات


لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە کۆریای باشور زیاتر لە 500 توشبوو بە پەتای کۆرۆنا ڕادەگەیەندرێت و ئەمەش سێهەمین ڕۆژی لەسەر یەکە، سیۆل ئەم ژمارە زۆرەی توشبوون بە کۆڤید 19 ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە تەندروستییەکانی کۆریای باشور دەڵێن لەوەتای پشتڕاستکردنەوەی یەکەم توشبوو بەم پەتایە، هێندەی ئێستا ئاوەها بە خێرایی نەخۆشییەکە بڵاونەبۆتەوە.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان لە کۆریای باشور تا ئێستا 33375 کەس توشی پەتای کۆرۆنا بوون و 522 کەسیش بەم پەتایە گیانیان لەدەستداوە و دەشڵێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 504 کەسی تر لەوانەی پشکنینیان بۆ کراوە، توشی ئەم پەتایە بوون و ئاماژەش بەوە دەکات نزیکەی 330 کەس لەوانەی توشبوون لە ناوچەی سیۆل پایتەختی کۆریای باشورن کە ڕێژەی دانیشتوان تیایدا زۆر چڕە.

بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە کۆریای باشور پاش هێورکردنەوەکەی مانگی 10ی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن دێت، بەڵام ئێستا دەگوترێت دەشێت حکومەتی وڵاتەکە جارێکی تر ڕێوشوێنی قورس بگرێتەوەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا.

هەر ئەمڕۆش شەممە وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن ڕایگەیاندووە، ژمارەی ئەوانەی لە ڕەوشێکی تەندروستی خراپدان بەهۆی توشبوونیان بە کۆڤید 19 و گەیاندنیان بە نەخۆشخانەکان گەیشتۆتە 440 کەس.

لە ژاپۆن ڕۆژانە نزیکەی 2600 کەس توشی پەتای کۆرۆنا دەبن و ئەمەش بەپێی ئامارەکان وکاربەدەستانی تەندروستی و میدیاکانی وڵاتەکەش ژمارەی پێوانەییە.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا، ڕۆژانە لە شاری تۆکیۆ، پایتەختی ژاپۆن زیاتر لە 500 کەس توشی پەتای کۆرۆنا دەبن، ئەمەش وەهای کردووە نیگەرانییەکان زیاتر بن بەهۆی شەپۆلی سێهەمی ئەم پەتایەوە، لە کاتێکدا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 250 کەس ڕۆژانە ڕادەگەیەندرا کە پەتاکەیانە.

ئامارە فەرمییەکانی ژاپۆن دەڵێن تا ئێستا زیاتر لە 2000 کەس لە وڵاتەکەدا بەهۆی کۆڤید 19وە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG