Accessibility links

پاکستان: هیچ پلانێکی نییە بۆ دانپیادانان به‌ ئیسرائیلدا


ڕۆژی سێشەممە پاکستان دووپاتی کردەوە، تا ئەوکاتەی دەوڵەتێکی فەلەستینی گونجاو و سەربەخۆی قبووڵکراوی هەموو فەلەستینییەکان دروست نەبێت، ئەوا دان بە بوونی ئیسرائیلدا نانێت.

ئەم لێدوانە لە وەڵامی ڕاپۆرت و لێدوانی ئەو میدیایەدا هات کە پێشتیر ڕایانگەیاندبوو، ڕەنگە زۆرینەی موسڵمانی باشووری ئاسیا، پێداچوونەوە بۆ سیاسەتی خۆیان بکەن بۆ دانپیادانانیان به‌ ئیسرائیلدا.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەو راپۆرته‌ میدیاییه‌ی بە درۆخستوە و جەختی کردەوە کە ئیسلام ئاباد " پشتگیری لە مافی گەلی فەلەستین دەکات بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووسی خۆی."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند کە " لێدوانەکەی ئەم دواییەی ئیمران خان، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لەسەر ئەو پرسە ، ڕوون و ئاشکرا بووە.

گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە " سەرۆک وەزیران بە ڕوونی باسی ئەوەشی کردوە کە تا کاتێک کێشەی فەلەستین بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دڵخوازی گەلی فەلەستین چارەسەری بۆ نەکرێت، ئەوا پاکستان ناتوانێت دان بە ئیسرائیلدا بنێت.

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتیشی:"بۆ ئاشتییەکی ڕاست و هەمیشەیی، پێویستە چارەسەری دوو دەوڵەتی هەبێت کە لەگەڵ بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی یەک بگرنەوە و قودسی شەریف وەک پایتەختی دەوڵەتێکی فەلەستینی شیاو و سەربەخۆ قەبووڵ بکرێت.

پاکستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1947ەوە تا ئێستا، دانی بە ئیسرائیلدا نەناوە. پاکستانیەکان ناتوانن سەردانی ئیسرائیل بکەن چونکە لە پاسپۆرته‌كانیاندا نووسراوە " بۆ هەموو وڵاتانی جیهان جگە لە ئیسرائیل " ده‌توانیت سه‌فه‌ر بكه‌یت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ڕاپۆرتێک باس لە سەردانی "نهێنی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات کە یەکشەممەی ڕابردوو بۆ قسەکردن لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی سعودی ئەنجامی داوە و پێشبینیی ئەوەی زیاد کردوە کە ڕەنگە ریاز بە ئاراستەی قەبووڵ کردنی ئیسرائیلدا هەنگاو بنێت.

پێشبینییەکان لەو کاتەوە هاتنە ئاراوە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا ڕێککەوتنی مێژوویی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل دا لە مانگی هەشتدا واژو کرا.

له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی سعودییه، ئەو ڕاپۆرتەیان لە سەر سەردانەکەی نەتانیاهۆوه ڕه تکرده‌وه‌.

به‌پێی لێگدانه‌وه‌ی ئه‌و گه‌شته‌ی كه‌ باس كراوه‌، دەنگۆی ئەوەی بڵاو کردوەتەوە کە پاکستان لە ژێر گوشاری سعودیە، لەوانەیە دان بە ئیسرائیلدا بنێت و قەبووڵی بکات.

پاکستان بەشێوەیەکی نەریتی نزیکایەتیەکی زۆری لەگەڵ سعودیەدا هەیە و بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووری وڵاتانی باشووری ئاسیاوە، زۆر جار سعودیه‌ یارمەتی دارایی ئیسلام ئاباد دەدات.

سەرەتای ئەم مانگە عمران خان، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە کردووه‌ کە پاکستان لە ژێر گوشاردایە بۆ دانپیادانانی ئیسرائیل، بەڵام ئەو، خۆی لە وەڵامی ئەو پرسیارە لادا، کە پرسی ئایا وڵاتانی موسڵمانیش بەشدارن لەو گوشارەدا کە خراوەتە سەر پاکستان بۆ قەبووڵ کردنی ئیسرائیل؟

خان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە و گوتی :"وازی لێبێنە، با بڕۆین، هەندێک شتی دیاریکراو هەن کە بەهۆی پەیوەندیی باشمان لەگەڵ (وڵاتانی موسوڵمان) ناتوانین لە ڕای گشتیدا گفتوگۆی لەسەر بکەین، ئێمە نامانەوێت ئەوان ناڕەحەت بکەین با وڵاتەکەمان هەستێته‌سەر پێی خۆی، ئەو جا پرسیاری لەو جۆرەم لێ بکەن."

XS
SM
MD
LG