Accessibility links

عەرەبستانی سعودیە نکوڵی دەکات و ئیسرائیل و ئەمریکا بێدەنگن


شانشینی عەرەبستانی سعودیە نکوڵی لە ڕاپۆرتەکانی میدیای ئیسرائیل دەکات سەبارەت بە وتووێژی نێوان بەنجامین نەتەنیاهۆ سەرەک وەزیری ئیسرائیل و موحەمەد بن سەلمان شازادەی تاج، هاوکاتی سەردانەکەی ڕۆژی یەکشەممەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عەرەبستانی سعودیە.

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "ڕاپۆرتە میدیاییەکانم بینیون سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان شازادەی تاج و کاربەدەستانی ئیسرائیل هاوکاتی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوەی وەها نەکراوە و تەنها کاربەدەستانی ئەمریکایی و سعودی کۆبوونەوەیان هەبووە."

ئاژانسی فەرمی دەنگ و باسی كان لە ئیسرائیل و میدیاکانی تریش باسیان لەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی یەکشەممەی نێوان موحەمەد بن سەلمان و بەنجامین نەتەنیاهۆ کردووە.

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ئیسرائیل گەیشتە ڕیککەوتنی مێژوویی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەیندا کە 2 هاوپەیمانی عەرەبستانی سعودیەن.

ئەو ڕێککەوتنانە بە "پەیماننامەی ئیبراهیم" ناسراون و بە ناوبژی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ کراون.

ئۆفیسی سەرەک وەزیری ئیسرائیل تا ئێستا هیچ سەرنجێکی نەداوە لەسەر ئەو ڕاپۆرتە هەواڵیانە و هەروەهاش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆی لاداوە لەوەی باس لە زانیارییەکانی نێو ئەو ڕاپۆرتانە بکات.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە هەواڵیانە لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە، شەپۆلێکی گەورەی سەرنجی بە دوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بەوەی دەشێت بە هەنگاوێکی گەورەی بەرەوپێشچوون دابنرێت لە سەروسەوداکردنی جیهانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیلدا، هاوکاتی ئەو مەزەندە زۆرانەی هەبوون لە واشنتۆن و لە تەلئەڤیڤ بەوەی ئەمریکا پاڵنەر دەبێت بۆ وڵاتانی تری عەرەبی تا ببنە بەشێک لە پەیماننامەی ئیبراهیم، بەر لەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سوێندی یاسایی بخوات.

سەودایەکی هاوشێوە لە نێوان شانشینی عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیلدا دەشێت ببێتە کۆتا خەڵاتی دیپلۆماسی بۆ ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG