Accessibility links

بایدن ناوی ئەندامانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئاشکرا دەکات


جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، سبەی سێشەممە یەکەم لیستی ناوی ئەندامانی کابینەکەی ئاشکرا دەکات، وەک سەرۆکی کاروبارەکانی بایدن ئاماژەی پێکردووە.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە هێشتا سەرۆک ترامپ جەخت لە فێڵ و تەڵەکەکردن دەکاتەوە لە هەڵبژارنەکەی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی کۆنکریتی نەخراوەتە ڕوو سەبارەت بەوەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا کرابێت. ئەم جەختکردنەوانەیشی لە نێوەندی هەروادێ و زیاتربوونی جودابیرانی سەرۆک ترامپە لەناو کۆمارییەکاندا.

بایدن بەردەوامە لە هەوڵەکانی خۆی وەک ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی سەرۆکایەتی لە ڕۆژی 20ی مانگی یەکی ساڵی 2021دا، بەبێ گوێدانە هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکەی 3ی مانگی یازدەی ئەمساڵ.

ژمارەیەک نێوەندی هەواڵ، وەک بلومبێرگ و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەنتۆنی بلینکن، دیپلۆماتی دێرین و یاریدەدەری لە مێژینەی بایدن،بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستنیشان دەکرێت.

بایدن لە هەفتەی ڕابردوودا وتوویەتی بڕیاری خۆی داوە لەسەر ئەوەی کێ بۆ پۆستی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا دادەنێت.

میدیاکان لە ئەمریکا بە شێوەیەکی فراوان باسیان لەوە کردووە، لیندا تۆماس گرینفیڵد، دەکرێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

لیندا پێشتر پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئافریکای هەبووە لە سەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ئۆبامادا.

هاوکاتی ئەوەی سەرۆک ترامپ دانپێدانانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕەت دەکاتەوە، ڕێگەش نادرێت بایدن و تیمەکەی هیچ تێبینییەک بدەن لەسەر دۆسێ هەستیارە ناوخۆییەکان و هەروەها دەرەوەییەکانیش، لە هەمووشیان گرنگتر دۆسێی پەتای کۆرۆنا.

کریس کریستی، فەرمانڕەوای پێشووی ستانی نیو جێرسی کە لە ساڵی 2016دا ڕاوێژکاری تیمی گواستنەوەی دەسەڵات بوو بۆ سەرۆک ترامپ بە کەناڵی ئەی بی سی وتووە تیمی یاسایی سەرۆک "شەرمەزارییە بۆ ئەمریکا."

لاری هۆگەن، فەرمانڕەوای ستانی مێریلاند کۆمارییەکی بەناوبانگە و بە کەناڵی سی ئێن ئێن ی وتووە ترامپ وڵاتەکە وەک "کۆماری بەنانا" لێدەکات و دواتریش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "پێویستە سەرۆک واز لە یاری گۆڵف بێنێت و دەست لە پۆستەکەی هەڵبگرێت."

XS
SM
MD
LG