Accessibility links

کۆمپانیایەک و زانکۆیەکی بەریتانیایی ڤاکسینێکی دژە کۆرۆنا بەرهەم دەهێنن


کۆمپانیای ئاسترا زینەکا ی بەریتانیایی و زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێن پێکەوە ڤاکسینێکیان دروستکردووە دژی ڤایرۆسی کۆڤید 19 و بەپێی تاقیکردنەوەکان کاریگەرییەکانی ئەم ڤاکسینە دەگاتە لەسەدا 70.

پاسکاڵ سۆریۆت، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئاسترا زینەکا لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا دەڵێت " توانایی ئەم ڤاکسینە و پارێزراویەکەیشی، سەلمێندراوە کە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەروەهاش کاریگەریی دەستبەجێیشی دەبێت بەسەر باری نائاسایی تەندروستی گشتییەوە."

بەرەنجامەکان وەها نیشان دەدەن لە سەدا 62 بۆ لەسەدا 90 ئەم ڤاکسینە کاریگەری هەیە. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ کاریگەری ئەو ڤاکسینەی کۆمپانیای مۆدێرنا و ڕکابەرەکانی تر دروستیان کردووە، ڕێژەی لە سەدا حەفتا کەمە، چونکە ئەو ڤاکسینەی کۆمپانیای مۆدێرنا و فایزەر هاوبەشەکانی تریان بەرهەمیان هێناوە، کاریگەرییەکەی لە سەرو لە سەدا 90ەوەیە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەدا هاتووە "لە بەریتانیا و لە بەرازیل ئەنجامی گەورە بەدەستهاتوون لەو تاقیکردنەوانەی لەسەر نەخۆشەکان و لە نێوەندە تەندروستییەکاندا کراون بۆ ڤاکسینی ئەی زی دی 1222 و بە شێوەیەکی بەرچاویش توانیویەتی ڕێگە لە کۆڤید 19 بگرێت، هەروەها هیچ کەسێک لەوانەی بەشداربوون لە تاقیکردنەوەکاندا دووچاری هیچ گرفتێکی تەندروستی نەهاتوونەتەوە و لە نەخۆشخانەش نەهێڵراونەتەوە."

هەر لەو ڕاگەیەنداراوەدا نوسراوە ئەم ڤاکسینە دەتوانرێت لەناو ساردکەرەوەی ئاساییدا هەڵبگیرێت و کاری پێبکرێت و هەروەها بشگوێزرێتەوە.

زیاتر لە 23 هەزار کەس تا ئێستا ئەم ڤاکسینەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە و وەک لە ڕاگەیاندراوەکەشدا ئاماژەی پێکراوە دەشێت ئەو ژمارەیە بەرزببێتەوە بۆ 60 هەزار کەس.

XS
SM
MD
LG