Accessibility links

هێرش دەکرێتە سەر کڵێسایەک لە شارێکی کالیفۆرنیا


2 کەس کوژراون و ژمارەیەکی تریش بریندارن لەو هێرشەی درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە بە چەقۆ کرایە سەر کڵێسایەک لە ناوچەی سان هۆزێ لە ستانی کالیفۆرنیا.

پۆلیس دەڵێت هێرشەکە کراوەتە سەر کڵێسای گرەیس باپتێست و دەشڵێت هێشتا نەزانراوە بەتەواوەتی چەند کەس بریندارن، بەڵام وەک پۆلیس باسی کردووە، هەندێک لە بریندارەکان مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

پۆلیس لە لێدوانەکەیدا ئاماژەش بەوە دەکات هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە کەس لەسەر ئەم هێرشە دەستگیرکرابێت، بەڵام سام لیکاردۆ، شارەوانی سان هۆزێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیبووی گومانبارێک دەستگیرکراوە، دواتر ئەوە نوسینەی تویتەری لابردووە.

تەلەفزیۆنی کەی تی ڤی یو، ڕاپۆرتی دابوو لەسەر دەستگیرکردنی کابرایەکی تەمەن 22 ساڵ.

پۆلیس دەڵێت لە کاتی ڕووداوەکەدا هیچ مەڕاسیمێک لە کڵیساکەدا بەڕێوە نەچووە تەنها ئەوە نەبێت بێ خانەوماڵەکان لەو کڵێسایەدا کۆکرابوونەوە تا لە سەرما بپارێزرێن.

بەپێی دیمەنە ڤیدیۆییەکانی دەزگاکانی هەواڵ، لە نزیک کڵێساکەوە ژمارەیەکی زۆری ئەمبۆلانس و ئۆتۆمبێلی پۆلیس دەبینرێن و هێزەکانی پۆلیسیش چواردەوری ئەو ناوچەیەیان گرتووە کە کڵێساکەی لێیە.

XS
SM
MD
LG