وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دیمانەیەکدا داکۆکی لە سەردانەکانی دەکات بۆ وڵاتانی کەنداو و هەروەهاش داکۆکی لە هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەکات بۆ فشار خستنە سەر ئێران.
مایک پەمپێیۆ لە دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیەدا دەڵێت "سیاسەتەکانمان ناگۆڕدرێن، بەرپرسیارێتیەکانیشم ناگۆڕدرێن، هێشتا وابەستەییم هەن بۆ داکۆکیکردن لە گەلی ئەمریکا و تا دوا ساتەوەختیش بەردەوام دەبین لەو داکۆکییەمان."
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئاماژەکان وەها نیشاندەدەن، ئەمە دوا سەردانی پەمپێیۆ بێت بۆ ئەو ناوچەیە وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پەمپێیۆ، بانگەشەی دەکرد بۆ ستراتیژیەتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە جەخت کردنەوە بوو لە ئێران و وەک دەڵێت "ئێران مەترسی و هەڕەشەی سەرەکییە لە ناوچەکەدا."
پەمپێیۆ داکۆکی لەو ستراتیژیەتەی ئەمریکا دەکات بۆ سەپاندنی بەرزترین ئاستی فشار لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم فشارانە بوونەتە تەگەرە بۆ پشتیوانییەکانی تاران بۆ میلیشیاکان لە عێراق و لوبنان و سوریادا و دەشڵێت "تا ئەو کاتەی کاتمان تەواو دەبێت ئەمە سیاسەتمان دەبێت."
سەرۆک ترامپ تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دانی نەناوە بە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا و کاربەدەستانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ بەردەوامن لە هەوڵەکانیان تا ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 3 ی مانگی 11 پەسەند نەکرێن.
بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ هەوڵی چڕکردنەوەی فشارەکان دەدات لەسەر ئێران، بەر لەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بچێتە کۆشکی سپییەوە.
پێشتر بایدن وتوویەتی "دەخوازێت بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی نزیکبوونەوە لەگەڵ ئێراندا."
شیکەرەوە دەڵێن وەها چاوەڕوان دەکرێت بایدن ئامادەییەکی زیاتری تیادابێت بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا تا خۆ لە بەرزبوونەوەی پشێویەکان دووربخاتەوە، هەرچەندە دەشڵێن دەشێت فشار بخاتە سەر ئێران، نەک هەر تەنها بەهۆی بەرنامە ناوکییەکەی تارانەوە، بەڵکو بەهۆی بەرنامە موشەکییەکەی ئێرانیشەوە.
وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بە شێوەیەکی ئەرێنی لە سیاسەتەکانی سەرۆک ترامپ لە هەمبەر ئێران دەڕوانن و پشتیوانی بڕیاری کشانەوەی تاک لایەنەی ئەمریکاشیان کردووە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و هەروەهاش سەپاندنی سزای قورس بەسەر تاراندا.
وەها بڕیارە درەنگانێکی ئەمڕۆ یەکشەممە، مایک پەمپێیۆ سەردانی شانشینی عەرەبستانی سعودیە بکات و لەوێش لەگەڵ موحەمەد بن سەلمان، شازادەی تاج کۆببێتەوە، بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ واشنتۆن.