Accessibility links

هێرشێکی کوشندە پایتەختی ئەفغانستان دەهەژێنێت


کاربەدەستان لە ئەفغانستان دەڵێن زیاتر لە 20 هاوەن بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە گیراونەتە ناوەندی شاری کابول، بەلایەنی کەم 8 کەس کوژراون و 31 کەسی تریش بریندار بوون.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ تاریق ئاریان ڕایگەیاند ئەو موشەکانە لە پشتی دوو ئۆتۆمبێلەوە هەڵدراون و لە چەند شوێنی جیاوازی پایتەخت دراوە.

باڵیۆزخانەی ئێران لە کابول دەڵێت یەكێک لە موشەکەکان بەر باڵەخانەکەیان کەوتووە. باڵیۆزخانەکە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە " خۆشبەختانە هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتووە و هەمو کارمەندەکانی باڵیۆزخانەکە لە تەندروستییەکی باشدان."

لە سەرەتای ئەم مانگە سێ چەکداری داعش بە هێلەکی بۆمبڕێژکراوەوە هەڵیانکوتایە سەر زانکۆی کابول و لەوێ 22 کەسیان کوشت، زۆربەیان خوێندکاری ئەفغانی بوون. باڵیۆزی ئێرانیش لە دەمی ئەو هێرشەدا لە ناو باڵەخانەکەبوو بەڵام زیانی بەرنەکەوت.

گوتەبێژێکی تالیبان بە دەستبەجێ نکوڵی لە تێوەگلانی گرووپەکە لە هێرشە کوشندەکەی ڕۆژی شەممە کرد و ئەمەش ئەو گومانانەی زیاد کرد کە دەشێت داعش ئەو کارەی کردبێت.

ئەو گروپە تیرۆرستییە بەرپرسیارێتی هێرشێکی هاوشێوەی موشەکی لە مانگی 3 دا لە ئەستۆگرت کە تیایدا ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکایەتی لە کابول کرایە ئامانج.

ئەم توندوتیژییانە چەند کاتژمێرێک بەر لە کاتی دیاریکراوی کۆبونەوەیوەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ بوو لەگەڵ نوێنەرانی تالیبان و حکومەتی ئەفغانستان بە جیا جیا لە دۆحای پایتەختی قەتەر.

هەردوولایەنی ئەفغانی نەیاری یەکتر، لە مانگی 9 وە بە ناوبژیوانی ئەمەریکا دەستیان بە پرۆسەی وتووێژی ئاشتی کردووە، بەڵام وتووێژەیان لەسەر کێشەکانی کە پەیوەندی بە کڵێشەی کارەکانەوە هەیە چەقیان بەستووە.

پۆمپەیۆ لە گەشتێکی حەوت وڵاتیدایە بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وەزارەتی دەرەوە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند گەورە دیپلۆماتی ئەمەریکا چاوی بە ڕێبەرانی قەتەریش دەکەوێت لە دۆحا کە شوێنی ئۆفیسی سیاسی تالیبانە.

باڵێۆزی ئەمەریکا لە کابوڵ، ڕاس ویلسن، ئەو هێرشە موشەکیانەی شەرمەزار کرد.

ویلسن لە تویتێکدا ڕایگەیاند " نابوایە ئەفغانییەکان لە تیرۆردا بژین. هاوخەمی بۆ قوربانیان و کەسوکاری کوژراو و بریندارەکان دەردەبڕم... ..ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە ئەفغانییەکان بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی لەم جۆرە و بەرپرسیارکردنی ئەنجامدەرانی."

هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی کابول هاوکات بوو لەگەڵ زیادبوونی شەڕو پێکدادانی ئەم دواییانەی نێوان هێزەکانی ئاسایش ئەفغانی و یاخیبوانی تالیبان، کە ژمارەیەک کەسی هەردوولاو خەڵکی مەدەنیش کوشتووە.


XS
SM
MD
LG