Accessibility links

ئۆبراین پەیمانی گواستنەوەی دەسەڵات دەدات بۆ جۆو بایدن


ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا پەیمانی داوە گواستنەوەیەکی پرۆفێشناڵانەی دەسەڵات بکرێت بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.

ئەم لێدوانەی ڕۆبێرت ئۆبراین، لە میانەی دیمانەیەکدا بووە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی جیهانییەوە.

ئۆبراین، چەند جارێک باسی لە گواستنەوەی دەسەڵات کردووە و ئاماژەی بە ئاسایی کردنەوەکانی ئەم دواییەی بەحرەین و سودان و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب کردووە لەگەڵ ئیسرائیلدا و وەک کارێکی گەورەی سەرۆک ترامپ ناودێری کردووە بۆ پاش ئەو کاتەی سەرۆک کۆشکی سپی جێدەهێڵێت.

لەگەڵ ئەوەشدا کە سەرۆک ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی دۆسێێ دەنگدان لە هەڵبژاردندا دەباتە دادگا، بەڵام ئەم لێدوانانەی ئۆبراین بۆ یەکەمین جارە کە گەورە کاربەدەستێکی بەڕێوبەرایەتی ئێستا بیانکات.

لەوەتای بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا ژمارەیەک پۆستی نوسیون لەسەر هەڵبژاردن و هەروەها ئەژمارکردنی دەنگەکانیش.

کاربەدەستانی هەردوو لایەنی کۆماری و دیموکراتەکان دەڵێن دەنگدان بە شێوەیەکی باش بەڕێوە چووە. چاودێرانی نێونەتەوەییش هەمان بۆچوونیان هەیە. دەزگای ئاسایشی کۆمپیوتەر کە دەزگایەکی فێدراڵییە دەڵێت "هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 3ی مانگی یازدە پارێزراوترین هەڵبژاردن بووە لە مێژووی ئەمریکادا."

XS
SM
MD
LG