Accessibility links

پەمپێیو بە سەردانێک لە پاریسە


سەرۆکی فەڕەنسا، دوابەدوای پیرۆزباییکردن لە جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لەپشت دەرگای داخراوەوە لەگەڵ گەورە دیپلۆماتی بەێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپدا کۆدەبێتەوە، کە دەشێت دانیشتن و کۆبوونەوەیەکی ناڕەحەت بێت پاش 9 ڕۆژ لەو پیرۆزباییەی ئیمانوێل ماکرۆن لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای کرد.

ئۆفیسی ماکرۆن دەڵێت"سەرەتا مایک پەمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە کۆشکی ئەلیزێ کۆبۆتەوە و دواتریش لەگەڵ ماکرۆندا."

هیچ لایەکیان پێشوەخت باسیان لەو سەردانەی پەمپێیو نەکرد بۆ پاریس کە دەستپێکی سەردانەکانیەتی بۆ 7 وڵاتی ئەوروپایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت لە دوای کۆبوونەوەکانیش کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی نەکرا.

پەمپێیو قایل نییە بە شکستی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردندا، لە کاتێکدا سەرۆکی فەڕەنسا بە تەلەفون پیرۆزبایی لە بایدن کردووە.

مەبەست و ئامانجی ئەم سەردانە 3 ڕۆژییەی پەمپێیو بۆ پاریس لە نێوەندی ئەم پەتای کۆرۆنایەدا، پێدەچێت نادیار بن، بەڵام ئۆفیسی ماکرۆن دەڵێت سەردانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی پەمپێیو بۆ کۆشکی ئەلیزێ سەردانێکی "ئاسایی" بووە.

دەشێت هۆی نەبوونی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی لەم سەردانەدا بۆ خۆلادان بووبێت لە ئەگەری پرسیاری ڕۆژنامەوانان لەسەر جیاوازی ڕوانینیان سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا.

بەڵام ئەندامانی تیمی مایک پەمپێیو دەڵێن کاربەدەستانی فەڕەنسایی وتوویانە بۆهۆی پەتای کۆرۆناوە ڕێگە بە ڕۆژنامەوانان نادرێت.

پاریس لە ڕەوشێکی نیمچە داخراودایە وەک هەنگاوێک بۆ کەمبوونەوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

وەها چاوەڕوان دەکرێت دوای پاریس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی تورکیا بکات، بەڵام گەورە کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوە، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت، لە هەفتەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ بەرنامەیەک نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیادا هاوکاتی سەردانە کورتەکەی پەمپێیۆ بۆ ئەستانبوڵ.

بەر لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ دووشەممەش کە بەرنامەیان بۆ دانرابوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، تاجە گوڵینەی لەسەر یادگارگای قوربانییەکانی تێرۆریزم داناوە لە پاریس.

XS
SM
MD
LG