بە هەزاران کەس لە لایەنگرانی سەرۆک ترامپ بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی واشنتۆنی پایتەختدا کردووە و ناڕەزاییان دەربڕیوە بەرامبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
خۆپیشاندانەکان توندوتیژییان لێکەوتۆتەوە پاش ئەوەی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دژی سەرۆک ترامپ بەیەکیاندا داوە و شەڕە دەست دروست بووە.
سەرچاوەکان دەڵێن کەسێک بریندارە و بەلانیکەم 20 کەسیش دەستگیرکراون.
خۆپیشاندەرانی لایەنگری ترامپ هاواریان دەکرد"دزینی هەڵبژاردن ڕابگرن" و هەروەها داواشیان دەکرد تەواوی دەنگەکانی لە هەڵبژاردندا دراون ئەژمار بکرێن.
وتنەوەی ئەو دروشمانە لە کاتێکدایە هێشتا هیچ بەڵگەیەک لەسەر فێڵ و تەڵەکەی هەڵبژاردن نەخراوەتە ڕوو و هەروەها کێشەیەکی ئاوەها لە ئارادا نییە کە بگوترێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 3ی مانگی 11، پێچەوانە دەبێتەوە.
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، خۆپیشاندانەکان کە تا ئەندازەیەک ئاشتیانە بوون، وەرچەرخان بۆ پشێوی و توندوتیژی و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە درێژەیان کێشاوە.
کاربەدەستان دەڵێن دەستگیرکراوەکان تاوانی جۆراوجۆریان دراوەتە پاڵ، لەوانە دەستدرێژیکردن و هەڵگرتنی چەک، دەشڵێن 2 پۆلیس بریندارن و دەستیشگیراوە بەسەر ژمارەیەک چەکدا.
هاوکاتی تێپەڕبوونی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆک ترامپ بەناو خۆپیشاندەرانی لایەنگریدا، بەر لەوەی بچێت بۆ یاری گۆڵف لە ستانی ڤیرجینیا، خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد "ئەمریکا" و داوای چوار ساڵی تریان دەکردەوە بۆ سەرۆک ترامپ.
خۆپیشاندەران ئاڵای ئەمریکا و دروشمی جۆراوجۆریان بەرز کردبووەوە وەک نیشاندانی ناڕەزایی خۆیان لە ئەژمارکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردن.
هاوبەندییەکی لە ژمارەیەک گەورە کاربەدەستانی ئەمریکایی و پیشەسازکاران پێکهاتووە، دەڵێت هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 3ی مانگی 11 سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەژمارکردنی دەنگەکانیش " بێخەوشترین بوون لە مێژووی ئەمریکادا" دەشڵێن هەندێک کەموکوڕی زۆر سادە هەبوون کە بە "ئاسایی" ناودێری کردووە.