Accessibility links

ترامپ بڕیارێکی نوێ لە دژی چین دەردەکات


بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانێکی سەرۆکایەتی ئاشکرا کرد کە وەگەڕخستنەکانی ئەمەریکایی لەو کۆمپانیا چینییانەدا قەدەغە دەکات کە واشنتن دەڵێت لەلایەن سوپای چینەوە خاوەندارێتی دەکرێن یان کۆنترۆڵ کراون. ئەمەش فشار بۆ سەر بێژینگ زیاد دەکات پاش هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا.

ئەو بڕیارەی کە سەرەتا، لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە ڕاگەیەندرا، دەشێت کاربکاتە سەر ژمارەیەک لە کۆمپانیا هەرە گەورەکانی چین، لە ناویاندا کۆمپانیای چاینا تلیکۆم، چاینا مۆبایل و کۆمپانیای دروستکردنی کەرەستەی چاودێری ‌هایکڤیژن.

ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێگەگرتنە لە دەزگا وەبەرهێنەرەکانی ئەمەریکا و دەرماڵەی خانەنشینی و ئەوانی تر کە پشکی ئەو 31 کۆمپانیا چینیە نەکڕن کە لە سەرتای ئەمساڵدا لایەن وەزاتی بەرگریەوە وەها دەستنیشان کران کە لەلایەن لەشکری چینەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت.

لە 11 ی مانگی 1 وە بە پێی ئەو بڕیارە ڕێگە بە وەگەڕخەرانی ئەمەریکا نادرێت پشکی ئەو کۆمپانیایانە بکڕن. ئەو مامەڵانەی کە کراون بۆ خۆدوورخستنەوە لە خاوەندارێتی کۆمپانیاکان هەتا 11 ی مانگی 11 ی 2021 ڕێگەپێدراو دەبێت.

لەو بڕیارەی کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاو کراوەتەوە دەڵێت " چین هەتا دێت زیاتر سەرمایەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەکاردەهێنێت بۆ سەرچاوەو بۆ گەشەسەندنی سوپای، دەزگای سیخوڕی و سیستمەکانی تری ئاسایشی خۆی.

باڵیۆزخانەی چین هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەڵامی نەداوەتەوە.

لە میانەی ئاڵوگۆڕکردنی بۆڕسەدا، چاینا تلیکۆم ڕایگەیاند پێی وایە ئەو بڕیارەی سەرۆکایەتی ڕەنگە کاربکاتە سەر پشکەکانی، کە ڕۆژی هەینی لە هۆنگ کۆنگ لە 7.8% داخرا، و پشکەکانی بۆرسەی ئەمەریکاش ڕایگەیاند لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکات.

ڕاوێژکاری بازرگانی کۆشکی سپی پیتەر ناڤارۆ لەو بڕوایەدایە بەلایەنی کەم نیو ترلیۆن دۆلار لە سەرمایەداری بازاڕدا لەلایەن کۆمپانیا چینییەکان ئەو کۆمپانیایانەی کە سەر بە ئەوانن نوێنەرایەتی کراوە.

ئەم هەنگاوە یەکەم بڕیاری سەرەکییە کە لەلایەن سەرۆک دانۆلد ترامپەوە دەستپێشخەری کرابێت لە پاش هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11 وە کە جۆو بایدنی دیموکراتی ڕکابەری بە براوە ڕاگەیەندرا.

ئەم بڕیارەی ڕۆژی پێنجشەممە وا دەکات کە زیاتر فشار بخاتە سەر پەیوەندیە ئاڵۆزەکانی نێوان دوو زلهێزی ئابووری جیهانی کە بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی چین لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و هەروەها سەپاندنی یاسای ئەمنی بەسەر هۆنگ کۆنگدا گرژ و ئاڵۆز بووە.

بایدن ستراتیژی چینی بە وردی نەخستۆتە ڕوو بەڵام ئاماژەکان وای دەردەخەن کە بەردەوام دەبێت لە هەڵوێستێکی توند بەرامبەر بە بێژینگ.

XS
SM
MD
LG