Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کورد و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا


هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا تەواو بوو، بەپێی ئەژمارکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردن، جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی چوار ساڵی داهاتووی ئەمەریکا، سەرکەوتووی هەڵبژاردنە.

ئەم سیاسەتمەدارە دێرینە، ئەو کاتەی کە سیناتۆر و دواتریش کە 8 ساڵ جێگری براک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بوو، بە دۆستی کورد ناودێر دەکرا.

لە ساڵی 2007دا، بایدن سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکان بوو لە سیناتی ئەمەریکا، لەگەڵ سیناتۆر سام براونباک ی کۆماریدا، سەرپەرشتی بەرنوسی پێشنیازێکی هاوبەشی کۆماری و دیموکراتەکانی دەکرد بۆ فێدراڵیزم لە عێراقدا.

لە مانگی 9ی هەمان ساڵدا کاتێک سیناتۆری ئەوسا و سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێستا، هەوڵی دەدا تا ببێتە بەربژاری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی؛ ئەو پڕۆژە هاوبەشە خرایە دەنگدانەوە و 75 دەنگی "ئا" و 23 دەنگی "نا"ی بەدەستهێنا و پەسەند کرا، بەڵام مەرج نەبوو کار بەو پڕۆژەیە بکرێت.

ئەو کاتە زۆر دەگوترا بایدن دەخوازێت عێراق دابەش بکات، بەڵام هەمیشە نمونەی بۆسنیای دەهێنایەوە کە چۆن فێدراڵیزم دەشێت یارمەتیدەرێکی سەرەکی بێت بۆ ڕێککەوتنێکی ئاشتیانە. بایدن جەختی دەکردەوە لەوەی "ئەگەر ئەمەریکا نەتوانێت ئەم بیرۆکەی فێدراڵیزمە بخاتە سەر ڕێڕەوی خۆی ئەوا دەرفەت نامێنێت بۆ چارەسەری سیاسی لە عێراقدا و بەبێ ئەمەش دەرفەت نابێت تا ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە و ئاژاوەگێڕی لە پاش خۆی جێنەهێڵێت."

میوانی بەرنامە:

دکتۆر بیلال وەهاب

نێوەندی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک

پاش کشانەوەی بایدن لە خۆ کاندیدکردنەکەی ئەوسای و دواتر کە وەک جێگری سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، پشتیوانی لە داواکەی سەرۆک ئۆباما کرد بۆ کشانەوە لە عێراق.

هەرچۆنێک بێت، بایدن سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی کورددا لە هەرێمەکە کۆبوونەوەی هەبووە، کاربەدەستانی کوردیش لە سەردانەکانیاندا بۆ واشنتۆنی پایتەخت، زۆر جار کۆبوونەوە و دیداریان هەبووە لەگەڵ بایدندا.

لە یەکێک لە سەردانەکانیدا بۆ هەرێمی کوردستان بە کورد دەڵێت "بۆ لەمەودوا هەر تەنها شاخەکان دۆستتان نین."

نکوڵی ناکرێت لەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، بە مێژووی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشنایە، دۆستی کوردە و جاران بۆ پرسێکی ڕەوای دەزانی و تێگەیشتنێکی بەرفراوانیشی هەیە بۆ دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بەڵام ئەمانە نابنە ڕێگر لە بەردەم کردنی ژمارەیەک پرسیاردا لەوانە؛

ئایا جێگەیەک بۆ دۆسێی کورد هەیە لە کارنامەی 4 ساڵی داهاتووی جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا؟

بۆچی کورد هیواکان لەسەر بایدن هەڵدەچنێت؟

ئایا شییان هەیە بۆ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکادا بۆ ئەم 4 ساڵەی داهاتوو؟

ئایا سەرۆکی ئەمەریکا دەتوانێت چی بۆ کورد بکات؟

دکتۆر بیلال وەهاب، لە نێوەندی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:52 0:00


XS
SM
MD
LG