Accessibility links

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزا بەسەر چوار کەس و شەش دامەزراوەدا دەسەپێنێت کە پەیوەندییان بە بەرنامە سەربازییەکانی ئێرانەوە هەیە


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سزایان بە سەر چوار کەس و شەش دامەزراوەی سەر بە ئێراندا سەپاندووە.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا کە ڕۆژی سێشەممە 10 ی مانگی 11ساڵی 2020 بڵاوکراوەتەوە، نوسراوە " نووسینگەی کونتڕۆڵی داراییە بیانییەکانی وەزارەتی خەزینەی ئەمەریکا سزای بە سەر تۆڕێک کە بریتین لە چوار کەس و شەش کۆمپانیادا سەپاندووە.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە کە "ئەم تۆڕە ئاسانکاری دەکات بۆ کۆمپانیای سەر بە ئێران لە دابینکردنی کەلوپەلی هەستیار، لەوانە پێکهاتەی ئەلیکترۆنی دروستکراوی ئەمەریکا. دەشڵێت "ئەمە کۆمپانیایەکی سەربازییە و لە ساڵی 2008 دا لە لایەن ئەمەریکا و لە ساڵی 2010 دا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سزای خراوەتە سەر بە هۆی ئەوەی کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری و هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە خاوەندارێتی کراوە کە بەرنامەی موشەکی بالستیکی ئێرانی لە ئەستۆدایە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە کە:" کۆمپانیای پیشەسازی پەیوەندییەکانی ئێران بەشێکە لە کۆمپانیای پیشەسازیی ئەلیکترۆنی ئێران کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی بەرگری و هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە. دەشڵێت :" بەرهەمی کۆمپانیای پیشەسازییەکانی پەیوەندی ئێران، بریتین لە سیستەمی پەیوەندی سەربازی، ئەلیکترۆنی فڕۆکەوانی، تەکنەلۆژیای زانیاری، شەڕی ئەلیکترۆنی، مووشەکهاوێژ".

ستیڤێن منوشن وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "ڕژێمی ئێران تۆڕێکی جیهانی لە کۆمپانیاکان بەکاردێنێت بۆ ئەوەی لە ڕێگای سەربازییەوە ناسەقامگیری دروست بکات".

منوشن دەشڵێت "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە چالاکی لە دژی ئەو کەسانەی کە هاوکار و پشتیوانی هێزە سەربازییەکانی رژێمی ئێران دەکەن."

تایبەتمەندی و ناوی ئەو چوار کەس و دامەزراوانەی سزا بەسەریاندا سەپێندراوە بریتین لەمانە، محەمەد بەنی هاشێمی ، ئێرانی ، لەدایکبووی 26 مانگی3 ی ساڵی ،1959 ، چین هواهوانگ، تایوان، لەدایکبووی 8ی مانگی 4ی ساڵی 1978 ،موحەمەد سوڵتان موحەمەدی، ئێرانی، لە دایکبووی 4ی مانگی 11ی ساڵی 1960 ، شی می سان، تایوان، لە دایکبووی 23ی مانگی 3ی ساڵی 1969.

هەروەها ناوی شەش کۆمپانیا لە ئێران، تایوان و هۆنگ کۆنگ-یش هاتووە کە بریتین لە

ئارتین سەنعەت تابان له تاران

دێن ئینتەرناشناڵ لە تایوان

کۆمپانیای بازرگانی هۆدا لە تاران

کۆمپانیای ناز تەکنەلۆجیا لە تایوان

کۆمپانیای پیشەسازی پرۆما لە هۆنگ کۆنگ

کۆمپانیای پیشەسازی سولتێک لە هۆنگ کۆنگ.

ڕۆژی دووشەممە ئیلیۆت ئێبرامز نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئێران و ڤەنزوێلا کە لە ئیسرائیل بەسەردەبات، ڕایگەیاندبوو کە بە هەمان شێوە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سزاکان بەسەر ئێراندا سەپێندراوە، لە ماوەی دوو مانگی داهاتووشدا بە هەمان شێوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزاکان بۆ سەر ئەو وڵاتدا.

XS
SM
MD
LG