Accessibility links

توێژەرێکی زانکۆی نۆتنگهام : 11 ڤاکسین لە قۆناغی کۆتاییدان کە ئەنجامی دڵخۆشکەریان هەبووە لە وروژاندنی بەرگری لەش


توێژەرێکی زانکۆی نۆتنگهام ی بەریتانی، ئاماژەبەوەدەکات چەندین ڤاکسین ی جیاواز لە وڵاتانی جیهاندا بۆ حاڵەتی ئیمیرجێنسی بۆ توشبوانی کۆرۆنا بەکاردەهێنرێن، بەڵام دڵنیایی نیە لەبارەی چالاکی و کاریگەری هیچکام لەو ڤاکسینانە

، دەڵێت" 11 ڤاکسین لە قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەدان، واتە قۆناغی کۆتایی، ئەنجامی دڵخۆشکەریان هەبووە و کاریگەریان هەبووە لەسەر وروژاندنی بەرگری لەش."

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر حەسەن محەمەد ڕۆستەم توێژەر لە زانکۆی نۆتنگهام ی بەریتانی، دەڵێت"جگە لەو 11 ڤاکسینەی لە قۆناغی کۆتاییدان، زیاتر لە 50 ڤاکسینی تر لە قۆناغی یەکەم و دووەمی تاقیکردنەوەدان، هەروەها سەرووی 80 ڤاکسینی تر، لە قۆناغی پێش تاقیکردنەوەدان لەسەر مرۆڤ."

دکتۆر حەسەن ڕۆستەم، ڕوونیکردەوە لە ئێستادا وڵاتی چین ڕێگەی داوە بە بەکارهێنانی 4 ڤاکسین، ڕوسیا ڕێگەی داوە بۆ دوو ڤاکسین و ئیماران ڕێگەی داوە بە بەکارهێنانی ڤاکسینێک، بەڵام ئەم ڤاکسینانە، بە قۆناغە ئاساییەکانی ڤاکسین دا تێنەپەڕیون و بۆ حاڵەتی ئیمیرجنسی و سنوردار بەکاردەهێنرێن، وتی"ئێستا جیهان دڵنیانیە، لە سەڵامەتی و کاریگەری و چالاکی ئەو ڤاکسینانە، هەندێک لەو ڤاکسینانە بەتایبەت 11 ڤاکسینەکە کە لە قۆناغی کۆتاییدان، ئەنجامی دڵخۆشکەریان هەبووە و کاریگەری باشیان لەسەر وروژاندنی بەرگری لەش و دروستکردنی دژە تەن هەبووە."

توێژەرەکەی زانکۆی نۆتنگهام، ڕوونیکردەوە لەو 11 ڤاکسینەی لە قۆناغی کۆتاییدان، گرنگترینیان ڤاکسینی هەردوو كۆمپانیای ڤایزەری ئەمەریكی و بایۆنتیكی ئەڵمانیە، لەگەڵ چەند ڤاکسینێکی تر.

دکتۆر حەسەن ڕۆستەم، ئاماژەی بەوەشکرد گرفتی بەردەم بەدەستهێنانی ڤاکسین، ئەوەیە کە کاتێکی زۆری دەوێت تا قۆناغەکانی ببڕێت و دڵنیایی هەبێت لە چالاکی و سەلامەتی ڤاکسینەکە، بەتایبەت ئەو ڤاکسینانەی لە قۆناغی کۆتایشن، دڵنیانین تا چی ڕادەیەک تەمەن و ڕەگەزە جیاوازەکان دەپارێزێت، یان ئەو بەرگریەی بەهۆی ڤاکسینەکەوە دروست دەبێت، تا ماوەی چەندێک مرۆڤەکان دەپارێزێت لە توشبوون بە ڤایرەسەکە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر حەسەن محەمەد ڕۆستەم، باسیلەوەکرد ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان لەبەردەم شەپولی دووەمی کۆرۆنادان، چونکە وەرزی زستانە و کەش و هەوا لەبارە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرەسەکە، بۆیە ئەگەری هەڵکشانی ژمارەی توشبوان و مردووان لە ئارادایە، گەر خۆپارێزی نەکرێت و ڤاکسین بەرهەم نەهێنرێت، کە بەرهەم هێنانی ڤاکسین دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، وتی"ڤایرەسی سارس کۆڤ دوو، کە هۆکاری نەخۆشی کۆڤید19 یاخود کۆرۆنایە، بەردەوام لە بازدان و گۆڕانکاریدایە، تائێستا زیاتر لە 5 هەزارڤایرەنتی جیاوازی لێ دەستنیشانکراوە، هەرچەندە زۆربەی جار، بازدانەکان بە زەرەری ڤایرەسەکە دەشکێتەوە و دەبێتە هۆی لاوازبوونی، بەڵام ڕوون نیە، گۆڕانکاریەکان لەداهاتوو دەگاتە چ ئاستێک، ئایا کێشە بۆ چالاکی و کاریکەری ڤاکسینەکان دروست دەکات، ئەمە داهاتوو دەریدەخات، ئەوەی تا ئێستا زانراوە گۆڕانکاریەکان لە ئاستێک نین، بەم ڤایرەسە بوترێ جۆرێکی نوێ یە و جیاوازە لەوەی پێشوو."

سەبارەت بە ئەگەری دووبارە توشبوونەوەی نەخۆش بە کۆرۆنا، دکتۆر حەسەن ڕۆستەم هێمای بۆ ئەوەکرد ئەگەری دووبارە توشبوونەوە بە کۆرۆنا لە ئارادایە، ئەنجامی چەندەها توێژینەوە، دەریانخستووە چەندین توشبووی کۆرۆنا، دووبارە توشی ڤایرەسەکە بوونەتەوە، وتی"گرنگترین هۆکاری دووبارە توشبوونەوە، دروست نەبوونی بەرگری تەواوە لە کەسی توشبوو، چونکە دژەتەنەکان یان ئەو خانانەی ڤایرەسەکە دەناسنەوە، دروست نەبوون، ئینجا بڕی ئەو ڤایرەسەی دەچێتە جەستەی نەخۆشەکەوە ڕۆڵی هەیە."

هەردوو کۆمپانیای ڤایزەری ئەمەریکی و بایۆنتیکی ئەڵمانی، پەرە بە ڤاکسینەکەیان دەدەن، کە وەک خۆیان ڕایانگەیاندووە: 90% کاریگەرە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:35 0:00


XS
SM
MD
LG