Accessibility links

ئێران 3 داوای لە بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ئەمریکا هەیە


کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕەوشی نێوان تاران و واشنتۆندا نایەتە ئاراوە لە سەروەختی سەرۆکایەتی جۆو بایدندا، مەگەر بەڕێوبەرایەتی بایدن سێ هەنگاوی نوێ بگرێتەبەر بۆ ڕاستکردنەوەی وەک دەڵێت "ڕێبازە هەڵەکەی ئەمریکا."

ئاستی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن گەیشتە ئاستێکی بەرز پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ تاکلایەنە لە ساڵی 2018دا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێراندا کشایەوە و واشنتۆن سزای سەپاندە سەر ئێران.

موحەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە وتوویەتی "هێشتا ئەمریکا کاتێکی زۆری لەبەردەستدایە تا ڕێبازە هەڵەکەی چاک بکاتەوە."

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "بەبێ هیچ گومانێک دەڕوانینە بە کردار کردنی قسەکانی بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ئەمریکا."

خەتیبزادە بە پەیامنێرانی وتووە، 3 گۆڕانکاری گرنگ هەن بەر لەوەی هەرچ شتێک ڕووبدات و بریتین لە "گۆڕانی بیرکردنەوەی بڕیاردەرانی ئەمریکایی، گۆڕینی وتارەکان بەرامبەر جیهان و بەرامبەر ئێران و هەروەهاش بڕیاردانی دروست بۆ دەستبەرداربوون لەو ڕێبازە هەڵەیەی پێشتر بەرامبەر ئێران گیراوەتەبەر."

لەم لێدوانەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، خەتیبزادە نکوڵی کردووە لەوەی هیچ پەیوەندییەک هەبووبێت لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی داهاتووی ئەمریکادا و دەشڵێت تاران دەڕوانێتە کردارەکان نەک قسەکان.

لە هەفتەی ڕابردوودا ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران وتبووی "ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 3ی مانگی یازدەی سەرۆکایەتی ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی نابێت بەسەر سیاسەتەکانی تارانەوە بەرامبەر واشنتۆن."

XS
SM
MD
LG