Accessibility links

بایدن و دۆسێی کۆماری ئیسلامی ئێران


جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پەیمانی گۆڕانکاری داوە لە سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکادا لە بەرامبەر ئێران، بەڵام ڕووبەری ئەو مانۆڕە بەرتەسکە و وەکو دەشگوترێت کات بەبەریەوە نەماوە.

لە کاتێکدا سەرۆک ترامپ، جەختی دەکردەوە لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دوژمنە سەرسەختەکەیەتی و هەوڵی دەدا لەسەر ئاستی جیهان لە پەراوێز بنرێت، بەڵام بایدن پێشنیازی "ڕێبازێکی متمانە پێکراو بۆ گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی" کردووە.

بە پێچەوانەی 4 ساڵی ڕابردووەوە کە دۆسێی مەترسی هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی، یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکان، بەڵام لە هەڵمەتەکانی ئەمساڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا باسێکی ئەوتۆی لێنەکرا و لە ئێستاشدا پێشنیازەکەی بایدن تەمومژاوییە.

ئەمە بێ لەوەی دەگوترێت، ئەرکی بایدن بۆ پەیوەندی لەگەڵ تاراندا، ئەرکێکی قورس دەبێت بەهۆی ئەو ڕێبازەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ هەیبووە بەرامبەر ئێران کە وەهای کردووە ئێرانییەکان متمانەیان بە ئەمریکاییەکان کەم ببێتەوە.

زیاتر لە 40 ساڵە ئەمریکا و ئێران دوژمنی یەکترن و لە ناوەڕاستی ساڵی 2019ەوە دوو جار خەریک بووە شەڕ لە نێوانیاندا ڕووبدات.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ تاک لایەنە کشایەوە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا مۆرکرا و سیاسەتی سەپاندنی بەرزترین ئاستی فشاری لەسەر ئێران پەیڕەوکرد، بەڵام بەڕێوبەرایەتی 4 ساڵی ڕابردووی ئەمریکا نەیتوانی ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی بپێکێت تا تاران بگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستاندن.

بایدن لە مانگی 9ی ڕابردوودا، لە وتارێکدا بە ناونیشانی"پێویستییەکی بە پەلەمان هەیە بۆ گۆڕینی ڕێباز"تیایدا سیاسەتی سەرۆک ترامپ لە بەرامبەر ئێراندا بە شکستێکی مەترسیدار ناودێر دەکات، و بە ڕوانینی بایدن ئەو سیاسەتە "ئەمریکای لە پەراوێز ناوە و ئێرانیشی لە دروستکردنی چەکی ناوکی نزیکتر کردۆتەوە."

XS
SM
MD
LG