Accessibility links

بەرنامەیەکی تایبەت لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکاوە


جۆو بایدن، سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و کامڵا هێرس، جێگری سەرۆک وتاری سەرکەوتنی خۆیان لە درەنگانێکی ڕۆژی شەممەدا لە ستانی دێلاوێر پێشکەش کرد بۆ گەلی ئەمریکا.

بایدن دەڵێت، خەڵکی ئەمریکا قسەی خۆیان کرد و سەرکەوتنێکی ڕوونیان بە هەردووکیان بەخشی و دەشڵێت زۆرترین دەنگیان لە مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بەدەستهێناوە.

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە ستانی پێنسلڤانیا، مسۆگەر بوو کە جۆو بایدن و کامڵا هێرس گەیشتنە کۆشکی سپی، بەڵام ئەژمارکردنی دەنگەکانی ئەم هەڵبژاردنە هێشتا لە چەند ستانێکی ئەمریکادا بەردەوامە.

بایدن وەک لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێکرد زیاتر لە 74 ملیۆن دەنگی ئەمریکاییەکانی مافی بەشداربوونیان هەبووە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا سەرۆک ترامپ زیاتر لە 70 ملیۆن دەنگی دراوەتێ.

ئەندامانی تیمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ جەخت دەکەنەوە لەوەی لە ڕۆژی دووشەممەوە دەست دەکەن بە تۆمارکردنی داوا یاساییەکانیان لە دادگاکانی ستانەکانی ئەمریکادا.

جۆو بایدن لە وتارەکەیدا بۆ گەلی ئەمریکا دەڵێت " بەو بڕواو متمانەیەی کە ئێوە بەمنتان بەخشیوە لە خۆبایی نابم، بەڵێن دەدەم ببم بە سەرۆکێک کە هەوڵ نەدات دابەشبوون دروست بکات بەڵکو یەکگرتوویی پێکبهێنێت و ستانە شین و سورەکان نەبینێت تەنها ئەمەریکا ببینێت."

وەک ئاماژەیەکیش بە ڕێبازەکانی لە سیاسەتی دەرەوەیی ئەمریکادا، سەرۆکی هەڵبژێردراو دەڵێت "هەوڵ دەدەم تا جارێکی تر ئەمریکا لە ئاستی جیهاندا ڕێزی لێبگیرێتەوە."

لە میانەی وتارەکەیدا بایدن ڕووی دەمی کردە ئەوانەش کە دەنگیان بە سەرۆک ترامپ داوەو دەڵێت " من لە بێئومێدییەکان تێدەگەم، بۆخۆشم چەند جارێک سەرکەوتنم بەدەست نەهێناوە، بەڵام ئێستا با ئێمە دەرفەتێک بە یەکتربدەین، کاتی ئەوە هاتووە ڕق و کینە وەلاوە بنێین، دان بەخۆماندا بگرین، پێشوەچوون ئەنجام بدەین و ڕکابەرەکانمان وەکو دوژمن سەیر نەکەین، ئەوان دوژمنی ئێمە نین ئەوان ئەمەریکایین."

بەر لە جۆو بایدن کامڵا هێرس، جێگری بایدن وتارێکی پێشکەش کرد و وتارەکەی بە ڕستەیەکی جۆن لویس، یەکێک لە ڕێبەرانی مافی سڤیلی ئەمەریکا و ئەندامی لەمێژینەی کۆنگرێس، دەستپێکرد و گوتی " ئەندامی کۆنگرێس جۆن لویس بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات نوسیبوی دیموکراسی دەوڵەتێک نییە بەڵکو کردارێکە. مەبەستی ئەوە بوو دیموکراسیەتی ئەمەریکا مسۆگەر نییە، تەنها بە ئەندازەی خواستەکانمان بۆ کارکردن لە پێناویدا بەهێزە."

خانم هێرس دەڵێت " پاراستنی دیموکراسی خەباتی دەوێت، قوربانی دەوێت، بەڵام چێژی تێدایە. پێشکەوتنە چونکە ئێمەی خەڵکی هێزی ئەوەمان هەیە داهاتوویەکی باشتر بونیاتبنێین."

سیناتۆر کامڵا هێرس بە پشتیوانانی ڕاگەیاند " دەزانم کاتێکی سەختتان هەبوو، بەتایبەتی لەماوەی چەند مانگی ڕابوردوودا، خەم، خەمی لە دەستدانی خۆشەویستان و نیگەرانییەکان و سەختییەکان. بەڵام ئێمە ورە بەرزی و دانبەخۆداگرتنەکانیشمان بینی، و هەروەها ڕۆحی بەخشندەییتان. بۆ ماوەی چوارساڵ ئێوە داوای یەکسانی دادپەروەریتان بۆ ژیانی ئێمە و هەسارەکەمان کرد. و پاشان دەنگتان دا. پەیامێکی ڕوونتان گەیاند ئێوە هیواو یەکگرتووییتان هەڵبژارد. ڕێزگرتن، زانست و بەڵێ ڕاستیتان هەڵبژارد."

جێگری جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا باسی لە دایکی کرد کە چۆن لە تەمەنی 19 ساڵیدا لە هندستانەوە هاتۆتە ئەم وڵاتەو چ هیوایەکی هەبووە، وەک دەڵێت "ڕەنگە ئەو بە تەواوەتی بیری لە ساتەوەختێکی وەها نەکردبێتەوە، بەڵام لە ناخەوە بڕوای بە ئەمەریکایەک هەبووە کە ساتەوەختێکی لەم جۆرە تیایدا شیانی هەیە. جا من بیر لەو و نەوەیەکی ژنان دەکەمەوە ژنانی ڕەش پێست، ئاسیایی، سپی پێست، ئیسپانی، ژنانی ئەمەریکایی ڕەسەن کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا ڕێگایان بۆ ئەم ساتەوەختە خۆش کردووە. ئەو ژنانەی کە خەباتیان کردوە و قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ یەکسانی و ئازادی و ڕەوایەتی بۆ هەموان."

کامڵا هێرس خۆی بە بەرهەمی خەباتی ئەو ژنانە لە قەڵەمدا.

کامڵا هێرس بە ئەمەریکاییەکانی ڕاگەیاند " گرنگ نییە دەنگت بەکێ دابێت من هەوڵ دەدەم ببم بە جێگری سەرۆکێکی وەکو جۆو بۆ ئۆباما، بەوەفا، ڕاستگۆ و هەموو ڕۆژێک ئامادەبم بۆ کارکردن. بیر لە ئێوە و خێزانەکانتان بکەمەوە چونکە لە ئێستاوە کاری ڕاستەقینە دەستپێدەکات، کاری پێویست، کاری باش. کاری گرنگ بۆ پاراستنی ژیان و زاڵبوون بەسەر ئەم پەتایەدا بۆ بوژانەوەی ئابوریمان."

کامڵا هێرس مێژوویەکی نوێی لە ئەمریکا تۆمار کرد وەکو یەکەم ژن و یەکەم ژنی ڕەشپێست کە بۆ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردێت، ئەو بەربەستانە دەشکێنێت کە زیاتر لە دوو سەدەیە پیاوان ، نزیکەی هەموویان پیاوی سپی پێست، لەو پۆستە باڵایانەی سیاسەتی ئەمەریکادا بینراون.

ئەم سیناتۆرە تەمەن 56 ساڵەی ستانی کالیفۆرنیا، یەکەم کەسی ڕەشپێست و باشوری ئاسیایە بۆ پۆستی جێگری سەرۆک هەڵبژێردێت.

خانم هێرس نوێنەرایەتی ئەو فرەکلتورییە دەکات کە پێناسەی ئەمەریکایە و تا ئاستێکی زۆر لە نێوەندەکانی دەسەڵاتی واشنتندا نەبینراوە.

لەم بەرنامە تایبەتەی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا؛ ساڵح دەمیجار و بەڵێن ساڵح، پێکەوە باس لە وتارەکان و ئەگەرەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەکەن.

زانیاری زیاتر لە دەقی بەرنامەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:50:47 0:00


XS
SM
MD
LG