Accessibility links

سەرەک وەزیری بەریتانیا: وڵاتەکەم و ئەمریکا پێکەوە کاردەکەین بۆ پشتیوانی لە دیموکراسی


سەرەک وەزیری بەریتانیا دەڵێت وڵاتەکەی و ئەمریکا پێکەوە کار دەکەن بۆ پشتیوانی لە دیموکراسی و هەروەهاش بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری لە کەش و هەوادا.

بۆریس جۆنسن، لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا نکوڵی کردووە لەوەی پەیوەندییە تۆکمەکەی بە دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا کاریگەری بکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا.

جۆنسن پیرۆزبایی لە جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا و کامڵا هێرس جیگری سەرۆکی هەڵبژێردراو کردووە و دەڵێت "دیدگای هاوبەشی جیهانیانەی هەردوو وڵات" لەسەر بابەتە نێونەتەوەییەکان وەک خۆی دەمێننەوە.

جۆنسن تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ قسەیەکی لەگەڵ سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئەمریکادا نەکردووە بەڵام دەڵێت "ئەمریکا نزیکترین و گرنگترین هاوپەیمانی بەریتانیایە و ئەمەش لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکادا و لەگەڵ گۆڕانکاری لە هەر پۆستێکی سەرەک وەزیردا، هەر ئاوەها دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت."

سەرەک وەزیری بەریتانیا لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس وتوویەتی "جاوم لە ڕێیە لەگەڵ سەرۆک بایدن و تیمی نوێ کار بکەین لەسەر ژمارەیەک بابەتی گرنگ وەک دۆسێکانی تایبەت بە گۆڕانی کەش و هەوا و بازرگانی و ئاسایشی نێونەتەوەیی و چەندان بابەتی تریش."

جۆو بایدن، ساڵی پار ڕەخنەی لە چوونە دەرەوەی بەریتانیا گرت لە یەکێتی ئەوروپا، لە کاتێکدا جۆنسن داکۆکییەکی سەرسەختانەی دەکرد لەوەی نابێت بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە.

سەرەک وەزیری بەریتانیا دەڵێت ئەوەی حکومەتی بەریتانیا و حکومەتی ئەمریکا بە یەکگرتوویی دەهێڵێتەوە "ئەوەیە کە بەهای هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش و دیدگای هاوبەشمان لەسەر دۆسێ جیهانییەکان وەک یەکە. کارێکی زۆریش لە پێشمانە تا بیکەین بۆ پاراستنی ئەو بەهایانە، لەوانە بڕوابوون بە دیموکراسی، بە ئازادی ڕادەربڕین، مافەکانی مرۆڤ، ئازادی بازرگانی."

XS
SM
MD
LG