Accessibility links

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانی گۆڕانکاری یاخود نوێ بوونەوەی سیاسەتی ئەمەریکا


جیهان چاوەڕێی یەکلایی بوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمەریکایە، بەو پێیەی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، چۆنیەتی مامەڵەکردن و سیاسەتی نوێی ئەمەریکا بەرامبەر بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات.

دکتۆر سەردار عەزیز شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی، پێیوایە مانەوەی سەرۆک دانۆڵد ترەمپ لە پۆستەکەی، یاخود دەرچوونی جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کاریگەری دەبێت لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، دەڵێت"ترەمپ هەندێک هەنگاوی چاوەڕوان نەکراوی نا، بۆ هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکا، ئاسان نیە، بتوانێت ئەو هەنگاوانە بنێت، بەتایبەت دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور و پاڵپشتی بۆ هێزە ڕاستڕەوەکان و بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەنگاریا بۆ کۆشکی سپی."

لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، کاتێک دانۆڵد ترەمپ سەرۆکایەتی ئەمەریکای گرتەدەست، مامەڵەی بەرامبەر ئێران توندبوو، سزا ئابوریەکانی سەر ئەو وڵاتەی بەتەواوەتی توندکردەوە و ئێرانی لە وڵاتێکی پەلهاوێژەوە، کردە وڵاتێکی دابڕاو، لەڕێگەی ئەو سزایانەوە، لەو بارەیەوە دکتۆر سەردار عەزیز، ئاماژەبەوەدەکات ئەوەی دانۆڵد ترەمپ ئەنجامیدا، کە لەڕێگەی ئابڵوقەی ئابوریەوە، زۆرترین فشاری خستە سەر ئێران، بەڵام وەکئەو دەڵێت" گەر گۆڕانکاری لە ئیدارەی ئەمەریکا ڕووبدات، ڕەنگە لە بری سزا، بەڕێگەی دبلۆماسی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکرێت، هەرچەندە هاتنەوەی ئێران بۆ نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەکاتێکی خێرادا و دەستوبرد ڕوونادات، چونکە دونیای ئەو سەردەمە جیاوازە لە دونیای ئێستا."

پێچەوانەی سزا توندەکانی سەر ئێران، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، تورکیا زۆرترین جوڵەی لە ناوچەکەدا هەبووە و هەوڵی پەلهاویشتنی زیاتری داوە، لەکاتێکدا وەک چاودێران ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەمەریکا نەرمتربووە بەرامبەر بەم وڵاتە بەراورد بە ئێران، دکتۆر سەردار عەزیز پێیوایە لە ئێستاوە کاریگەری لەسەر بازاڕ و بەهای لیرەی تورکی دەبینرێت، چونکە جۆ بایدن گەر ببێتە سەرۆک، بەرامبەر بە تورکیا نەرم نابێت، ڕەنگە فشار بخاتە سەر ئەو وڵاتە، تا بە ئاراستەی ئەوە بیبات وەکو وڵاتێکی ناتۆ مامەڵە بکات، نەک وەک وڵاتێکی نەیاری ناتۆ، کە مەترسی لەسەر ئەوروپا و هاوپەیمانانی ئەمەریکا دروست بکات.

وا بڕیارە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، لە عێراق هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، بەڵام لە ئێستاوە جۆرێک مەترسی دروستبووە، بەوەی لاوازبوونی فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیاکان، ببێتە هۆی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن و باڵادەست بوونەوەی ئەو گروپانە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:03:48 0:00


.

.

XS
SM
MD
LG