سەرۆک ترامپ هەڵمەتەکانی سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی لە ستانە سەرەکییەکاندا چر دەکاتەوە لەم دوو ڕۆژەدا بەر لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 3 ی مانگی یازدە کرێت.
ئەم هەوڵانەی سەرۆک ترامپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕا وەرگرتنە گشتییەکانە و هەروەهاش بۆ سەرکەوتنە بەسەر جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
بەپێی ئەنجامی ڕاوەرگرتنەکان، بایدن لە پێش ترامپەوەیە، بەڵام مەرج نییە ئەو ڕاوەرگرتنە گشتیانە وەک پێوەرێک بۆ ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن دابنرێت.
سەرۆک ترامپ لەم دوو ڕۆژەدا سەردانی ژمارەیەک لە ستانە سەرەکییەکان دەکات کە دەشێت ببنە یەکلاکەرەوە لەوەی ئایا ترامپ چوار ساڵی تر لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە یان دەبێتە یەکەم سەرۆک لەپاش جۆرج ئێچ بوش (باوک) تەنها یەک خولی سەرۆکایەتی لە کۆشکی سپی بێت.
جۆو بایدن، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی ستانی پێنسلڤانیا بکات، کە ئەم ستانەش بە یەکێک لە ستانە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دادەنرێت.
بایدن لە هەڵمەتەکانیدا سەنگیی خستۆتە سەر ڕەخنەگرتن لە ڕێباز و میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
ترامپ، ئەمڕۆ یەکشەممە و سبەی دووشەممەش، 10 گردبوونەوەی هەڵبژاردن دەکات، ئەمەش ئەوپەڕی چڕ کردنەوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیەتی و هەوڵەکانیش زیاتر بۆ هاندانی دەنگدەرانە تا ڕۆژی سێشەممە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بە کاندیدی کۆمارییەکان بدەن.
سەرۆک ترامپ، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ستانەکانی مەشیگان و ئایەوا و کارۆلینای باکور و جۆرجیا و پێنسلڤانیا، هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی دەکات.