Accessibility links

دواهەمین هەفتەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا


سەرۆک دانۆڵد ترامپ و هەروەها ڕکابەرەکەی جۆو بایدن، ئەمڕۆ دوو شەممە دواهەمین هەفتەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیان دەستپێدەکەن بەر لە دەنگدانی ڕاستەوخۆ کە بڕیارە ڕۆژی 3ی مانگی یازدە بکرێت.

دەستپێکردنی ئەم دوا هەفتەیەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە ئەمریکادا و هەروەهاش بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لەناو تیمەکەی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکادا وەها دەکات لەم پێشبڕکێیەدا سەنگی بخرێتە سەر پەتای کۆرۆنا.

سەرۆک ترامپ، بەرەوپێشچوون ڕادەگەیەنێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەدا، هەرچەندە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ژمارەی پێوانەیی توشبوون بە پەتاکە ڕاگەیەندراوە.

مایک پێنس ڕۆژی یەکشەممەش بەردەوام بوو لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، هەرچەندە ژمارەیەک لە یاریدەدەرە نزیکەکانی تووشی کۆرۆنا بوون.

بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، سەرۆک ترامپی بە خۆ بەدەستەوەدان گوناهبار کردووە لە بەرامبەر پەتای کۆرۆنادا کە تا ئێستا و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی زانکۆی جۆن هاپکینز، بۆتە مایەی گیان لە دەستدانی نزیکەی 225 هەزار کەس لە ئەمریکا.

لەگەڵ ئەوەشدا کە تەنها هەشت ڕۆژ ماوە بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نزیکەی 59 ملیۆن و 100 هەزار کەس دەنگیان داوە لە ڕێی ڕاستەوخۆ و هەروەهاش لەڕێی دامەزراوەی پۆستەوە. گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەنگدانی پێشوەخت دەشێت ببێتە مایەی ئەوەی بەرزترین ڕێژەی دەنگدان لەماوەی سەدەیەکدا لەم هەڵبژاردنەدا تۆمار بکرێت بەپێی ئەو زانیاریانەی نێوەندی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە زانکۆی فلۆریدا بڵاوی کردونەتەوە.

سەرۆک ترامپ، ئەمڕۆ دووشەممە دەڕوات بەرەو ستانی پێنسلڤانیا، کە بە یەکێک لە ستانە سەرەکییەکانی ئەم هەڵبژاردنە دادەنرێت و هەردوو کاندید زۆر سەردانی ئەم ستانە دەکەن.

دانۆڵد ترامپ لە ناوچەکانی ئاڵینتاون و لیتیتز و مارتنسبێرگ، وتار پێشکەش دەکات.

سەرۆک ترامپ بەرنامەشی هەیە چەند جارێک بچێتە ستانەکانی مێشیگان و پێنسلڤانیا و وێسکانسن و هەروەهاش نیبراسکا و ئەریزۆنا و نیڤادا.

جۆو بایدن بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە هەر لە ستانی دێلاوێر بمێنێتەوە، بەڵام بۆ ڕۆژی سێشەممە بەرنامەی هەیە سەردانی ستانی جۆرجیا بکات و لەوش بچێتە ناوچەکانی ئەتڵانتا و وارم سپرینگ.

سەرۆک ترامپ لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016ی سەرۆکایەتیدا توانی بە ڕێژەی لە سەدا پێنج دەنگی زۆرینە بەدەستبێنێت، لە ساڵی 1992وەوە هیچ کاندیدێکی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی نەیتوانیوە سەرکەوتن لە ستانی جۆرجیا بەدەست بێنێت. بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵیش وەک لە ڕاوەرگرتنە گشتییەکاندا هاتووە، هەردوو کاندید لە پێشەبڕکێیەکی قورسدان.

لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ڕاوەرگرتنە گشتییەکاندا، کاندیدی دیموکراتەکان لە پێشە، بەڵام هێشتاش ستانە یەکلاکەرەوەکانی وەک فلۆریدا، پێنسلڤانیا دەشێت بڕیاردەربن لەوەی کێ سەرۆکی داهاتوی ئەمریکایە.

براک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا یارمەتیدەری بایدن دەبێت لە سەردانەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا بۆ ناوچەی ئۆرلاندۆ لە ستانی فلۆریدا.

لە هەشت ساڵی سەرۆکایەتییەکەی ئۆبامادا، جۆو بایدن جێگری بووە.

XS
SM
MD
LG