Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەگاتە هیندستان


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتۆتە هیندستان وەک بەشێک لە سەردانەکانی بۆ چوار وڵاتی ئاسیا.

مایک پەمپێیۆ پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە لەم سەردانانەیدا سەنگی دەخرێتە سەر "هەڕەشە و مەترسییەکانی" وڵاتی چین.

لەم سەردانانەدا، مایک ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکا یاوەری وەزیری دەرەوەیە و وتووێژەکانیش لە نیودەلهی لەگەڵ گەورە کاربەدەستاندا سەبارەت بە هەروادێ و بەرزبوونەوەی ئاستی پشێویی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هیندستان و چین دەبن پاش ئەو پێکدادانە خوێناویەی لە مانگی شەشی ڕابردوودا ڕوویاندابوو.

هیندستان لە هەوڵی بەدەستهێنانی کەرەستە و کەلوپەلی دژە سەرمادایە لە ئەمریکا، هاوکاتی بەرەنگاربوونەوەکان لەم وەرزی زستانە بەفراویەی چیاکانی هێمالایا. کاربەدەستان دەڵێن ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی نێوان پەمپێیۆ و ئیسپەردا لەگەڵسوبراهمانیام وەزیری دەرەوەی هیندستان و ڕاجناس سیغ وەزیری بەرگری هیندستاندا، تاووتوێ دەکرێت.

وەهاش چاوەڕوان دەکرێت هەردوو وڵاتی گەورە دیموکراسی، ڕێککەوتنێکیش مۆر بکەن بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری هەواڵگری جوگرافیایی، بەمەش زەمینە خۆشدەبێت بۆ ئەمریکا تا بتوانێت تەکنەلۆژیای موشەکی پێشکەوتوو بگوازێتەوە، بەپێی لێدوانی کاربەدەستان.

وەزیری بەرگری ئەمریکا وتووێژیش دەکات لەسەر چۆنیەتی زیاترکردنی هاوکاری هێزە لەشکرییەکانی هەردوو وڵات، کە دەشێت ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و بەرنامەڕێژی بۆ مەشق و ڕاهێنان و فرۆشتنی چەک وەک فڕۆکەی جەنگیی ئێف 18 لە خۆبگرێت.

پەمپێیۆ لە هیندستانەوە دەڕوات بۆ سریلانکا و ماڵدیڤس و هەروەها ئیندۆنیزیا، هەر یەکێکیش لەو وڵاتانە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە هاتوچۆی دەریاییدا لە ئۆقیانوسی هیندیدا کە چین باڵادەستییەکی زیاتری هەیە تیایدا.

بەر لە دەستپێکردنی سەردانەکانی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی وتوویەتی " وتووێژ سەبارەت بەوەی وڵاتانی ئازاد چۆن دەتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ بەرپەرچ دانەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی پارتی کۆمۆنیستی چین، بەشێک دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکان."

XS
SM
MD
LG