Accessibility links

FDA یەکەم دەرمانی چارەسەرکردنی کۆڤید19 پەسەند دەکات


ڕێکخراوەکانی ئەمەریکا بۆ یەکەم جار ڕۆژی پێنجشەممە دەرمانێکیان بۆ چارەسەرکردنی کۆڤید19 پەسەند کرد، دەرمانی ڕەمدسیڤر (ramdesivir) کە دژە ڤایرۆسەو بە ڕێگای خوێنبەرەکان دەدرێت بەو نەخۆشانەی کە لە نەخۆشخانە دەمێننەوە.

ئەو دەرمانەی کە کۆمپانیای زانستی گیلیەدی بنکە لە کالیفۆرنیا بە ڤێکلەری ( Veklury) ناوی دەبات، کاتی چاکبوونەوە خێراتر دەکات بە شێوەیەکی گشتی کە 15 ڕۆژە دیکاتە 10 ڕۆژ، ئەمەش بە پێی ڵێکۆڵینەوەیەکی فراوانی کەلەلایەن ئینستتوتی نیشتمانی تەندروستی ئەمەریکاوە ڕێبەرایەتی کراوە.

ئەم دەرمانە لە بەهاری ئەمساڵەوە ڕێگەی پێدرابوو بۆ حاڵەتە مەترسیدارەکان بەکاربهێنرێت و ئێستاش بوو بە یەکەم دەرمانی چارەسەرکردنی کۆڤید19 کە پشتیوانی تەواوی FDA )بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان( بەدەستبهێنێت. سەرۆک دانۆڵد ترامپ کاتێک لە سەرەتای ئەم مانگە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو لە نەخۆشخانە ئەم دەرمانەی بۆ بەکارهاتبوو.

ڤێکلەری بۆ ئەو کەسانە پەسەند کراوە کە تەمەنیان بەلایەنی کەم لە 12 ساڵ بەسەرەوە بێت و کێشیشیان لە 40 کیلۆگرام کەمتر نەبێت و بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە نەخۆشخانە مابێتنەوە. بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 12 ساڵ کەمترە FDA هەمان ڕێنماییە کۆنەکە پەیڕەو دەکات ئەوەیش بەکارهێنانی دەرمانەکەیە لە ڕەوشێکی مەترسیداردا.

ئەو دەرمانە بە کەمکردنەوەی ئەو مادەیە لە لەشدا کاردەکات کە ڤایرۆسەکە بەکاری دەهێنێت بۆ زیادکردنی خۆی لە لەشی مرۆڤدا. بەر لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە تاقیکردنەوەکان بۆ گورچیلە و جگەر پێویستە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە بەکارهێنانی بۆ نەخۆشەکە بێ زیان دەبێت بۆ پێویستە چاودێریش بکرێت بۆ شیانی زیانە لاوەکییەکانی دەرمانەکە. لەسەر دەرمانەکەش نوسراوە نابێت لەگەڵ دەرمانی مەلاریا hydroxychloroquine بەکاربێت چونکە کاریگەرییەکانی کەمدەکاتەوە.

دکتۆر مێرداد پارسی کاربەدەستی باڵای تەندروستی کۆمپانیای گیلیەد لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " لە ئێستادا زانیاری پێویستمان هەیە و ئامرازەکانمان بۆ شەڕی دژ بە کۆڤید19 کۆدەکەینەوە."

ئەو دەرمانە لە نزیکەی 50 وڵاتی جیهاندا پەسەند کراوە یان ڕێگەی بەکارهێنانی کاتیی پێدراوە.

نرخەکەشی مشتومڕلەسەرە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هیچ لێکۆڵینەوەیەک ئەوەی پشتڕاست نەکردۆتەوە کە دەشێت ببێتە مایەی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی.

لە هەفتەی ڕابوردوو لێکۆڵینەوەیەکی گەورە بە ڕێبەرایەتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان ئەوەی دەرخست کە دەرمانەکە هاوکار نەبووە بۆ نەخۆشەکانی کۆڤید19 کە لە نەخۆشخانە خەوتوون، بەڵام ئەو لێکۆڵینەوەیە گروپێکی تێدا نەبوو کە سودیان لێ بینیوە و کەمتر گشتگیر بووە بەبەراورد لەگەڵ ئەوانی پێشوتری کە سودیان لێ بینیبوو. لە بەیاننامەکەی FDA بۆ پەسەند کردنی دەرمانەکە ئاماژە بەوەش کراوە جگە لە لێکۆڵینەوەکەی بە ڕێبەرایەتی NHI دوو لێکۆڵینەوەی تریش سودیان لەو دەرمانە بەدی کردووە.

کۆمپانیاکە 2 هەزارو 340 دۆلاری بۆ هەر کۆرسێکی نەخۆشێک تەرخان کردووە کە لە بەرنامەی تەندروستی حکومەتدابێت لە ئەمەریکا یان هەر وڵاتێکی پێشکەوتوو و 3 هەزار و 120 دۆلار بۆ بیمەی تەندروستی تایبەت. ئەو نرخەش کە دەبێت نەخۆشەکە بیدات دەکەوێتە سەر جۆری بیمەکەی، داهاتی و چەند فاکتەرێکی تر.

هەتا ئێستا ستۆرۆیدەکانی وەکو دیکسامیتزۆن ئەوەیان نیشان داوە کە مەترسییەکانی مردن بە کۆڤید19 کەم دەکەنەوە. FDA مۆڵەتی بەکارهێنانی خوێنی ڕزگاربوانیشی داوە لە حاڵەتی تەنگەتاویدا و دوو کۆمپانیاش لە ئێستادا هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتێکی هاوشێوە دەدەن بۆ دەرمانێکی دژەتەنەکان.

XS
SM
MD
LG