Accessibility links

کۆتا دیبەیتی سەرۆکایەتی بە ڕێسای نوێیەوە ئەنجام دەدرێت


دووهەم و کۆتا دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە چەند ڕێسایەکی نوێوە، بۆ ڕێگەگرتن لەوەی هەردوو کاندید قسە بە یەکتر ببڕن، بەڕێوە دەچێت.

سەرۆک دانۆڵد ترامپ بێزاری خۆی لە کۆی ئەو شێوازە دەربڕی و ڕۆژی دووشەممە بە پەیامنێرانی گوت هەرچەندە پێی وایە " زۆر ناڕەوایە" بەڵام بەشداری لەو دیبەیتەی ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری ناشڤڵی ویلایەتی تێنسی دەکات.

ترامپ گوتی " بەشداری دەکەم بەڵام زۆر ناڕەوایە کە بابەتەکانیان گۆڕی و زۆر نارەواشە جارێکی تر پێشکەشکارێک دەبێت کە زۆر لایەنگری دەکات."

کریستن وێلکەر پەیامنێری بە ئەزمونی کەناڵی تەلەفیزیۆنی NBC لە کۆشکی سپی، ئەو دیبەیتە بەڕێوەدەبات و بڕیاری داوە پرسیار لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤد-19، خێزانەکانی ئەمەریکا، بابەتی نژادی لە ئەمەریکا، گۆڕانکاری کەشو هەوا، ئاسایشی نیشتمانی و ڕێبەرایەتی کردن لە هەردوو بەربژێری سەرۆکایەتی ترامپ و بایدن بکات.

سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترامپ ڕایگەیاند پێویستە لە دیبەیتەکەدا تیشک بخرێتە سەر بابەتەکانی نێونەتەوەیی.

هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدنیش ڕایگەیاند ترامپ هەوڵ دەدات مشتومڕ لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا نەکرێت و هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەری دیبەیتەکە بابەتەکانی دیبەیتەکە هەڵبژێرێت.

گوتەبێژی بایدن تی جەی دەکلۆ گوتی " وەکو هەمیشە سەرۆک (ترامپ) زیاتر نیگەرانی ڕێساکانی دیبەیتەکەیە لەوەی کە ئەو یارمەتییانەی پێوستە لە کاتی قەیراندا بدرێت بە وڵاتیان."

شێوازی دیبیتەکە هەر تەوەرەی 15 خولەکی بۆ تەرخان دەکرێت کە تیایدا هەر یەک لە کاندیدەکان دوو خولەکیان پێ دەدریت بۆچوونەکانی خۆیانی لەسەر بڵێن و پاشان مشتومڕەکە لەسەر تەوەرەکە کراوە دەبێت.

لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتی کە لە کۆتایی مانگی 9 بەڕێوەچوو، ترامپ چەند جارێک قسەی بە بایدن بڕی جارێکیشیان بایدن پێی گوت " دەکرێت دەمت داخەیت".

کۆمسیۆنی بەڕێوەچوونی دیبەیتەکان پەیمانیدا گۆڕانکاری بکات بە مەبەستی بەرهەمهێنانی دیبەیتێکی باشتر، و لە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لەو دوو خولەکەی کە بۆیان تەرخان دەکرێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان تەنها مایکی ئەوەیان دەکرێتەوە کە قسە دەکات.

کۆمسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هەردوو هەڵمەتەکان لەم هەفتەیەدا ڕەزامەندی خۆیان بۆ ئەو ڕێسا نوێیە پشتڕاست کردەوە". و ڕۆژی سێشەممەش ڕایگەیاند " بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ڕێسا نوێیە تەنها ئەو کاندیدەی کە وەڵام دەداتەوە لەو دوو خولەکەدا مایکرۆفۆنەکەی کراوە دەبێت."

کۆمسیۆنەکە دەشڵێت هیچ کام لە هەڵمەتەکان ئەم ڕێسا نوێیانەیان بە تەواوەتی لا پەسەند نییە، بەڵام بڕوا دەکرێت ئەم کردارانە وا دەکات کە ئەمەریکاییەکان باشتر بابەتەکان هەڵبسەنگێنن.

یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتی لە کۆتایی مانگی نۆ ئەنجام درا و بڕیاربوو لە سەرەتای ئەم مانگە دیبەیتێکی تر هەبێت. بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆک ترامپ توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و کۆمسیۆنی بێلایەنی دیبەیتەکانی سەرۆکایەتی بڕیاری دا دیبەیتەکە بە ڕێگای ئۆنلاین بکرێت سەرۆک ترامپ ئامادە نەبوو بەشداری بکات.

XS
SM
MD
LG