Accessibility links

ئەمریکا سزای ئەوانە دەدات چەک بە ئێران بفرۆشن یان بگوێزنەوە


فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری سۆخۆی 30

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت فرۆشتنی هەر جۆرە چەکێک بە ئێران دەبێتە مایەی سەپاندنی سزا.

مایک پەمپێیۆ لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا جەختی کردۆتەوە لەوەی ئەمریکا دەسەڵاتی نیشتمانیانەی خۆی بەکاردەهێنێت لە بەرامبەر هەر کەس و لایەنێکی بەشداری بکات لە فرۆشتن یان گواستنەوەی چەکی باودا بە ئێران.

بەپێی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێراندا، وێڕای ناڕەزاییەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە کۆتاییهات بەو گەمارۆ چەکییەی لەسەر ئێران بوو بۆ کڕینی چەکی وەک تانک و فڕۆکەی جەنگی.

ئێران جەخت دەکاتەوە لەوەی بەرنامەی نییە بۆ کڕینی چەک و لە ڕاگەیەندراوەکانیدا تەنها ئاماژە بە نۆژەنکردنەوەی تواناییە چەکییەکانی دەکات کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی 1979ی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

لەگەڵ ئەم کۆتاییهاتنەشدا بەڵام هێشتا ئابوری ئێران لە ڕەوشێکی ئێجگار خراپدایە بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر ئێران و ئەمەش هۆکارێک دەبێت کە وڵاتان سەودای چەک لەگەڵ ئێراندا نەکەن تا خۆیان دوور ڕابگرن لە سزای دارایی ئەمریکا.

کۆماری ئیسلامی ئێران وەک مژدە، هەواڵی کۆتاییهاتنی گەمارۆی چەکی ڕاگەیاندووە و بە ڕۆژێکی زۆر گرنگ ناودێری کردووە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەک دەڵێت "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا."

لە ساڵی 2010دا، نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوەندی مشتومڕەکان لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران، بڕیاریدا ڕێگە بگیرێت لە ئێران، لەوەی چەک لە وڵاتانی جیهان بکڕێت.

بە پێی بڕیارێکی تری یو ئێن، هەناردەکردنی چەکی ئێرانیش قەدەغە کرا.

بەپێی لێکدانەوەیەکی ساڵی 2019ی دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا، لە کاتێکدا ئەم گەمارۆ چەکیانە لەسەر ئێران وادەکەی تەواو دەبێت ئەوا دەشێت ئێران هەوڵبدات فڕۆکەی جەنگی جۆری سۆخۆی 30 لە ڕوسیا بکڕێت و هەروەها فڕۆکەیەکی تایبەتی مەشق و ڕاهێنان لە جۆری یاک-130 و تانکی جۆری تی-190 و سیستەمی موشەکی بەرگری ئێس 400یش.

بێ لەوەش دەشێت وڵاتی چینیش چەک بە ئێران بفرۆشێت.

ئەو کاتەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران هەبوو، تاران چەکی جۆراو جۆری دەگەیاندە حوسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا.

شەش وڵات لە کەنداودا هاوهەڵوێستی ئەمریکان و جەخت دەکەنەوە لەوەی دەبێت ئەو گەمارۆ چەکیانە لەسەر ئێران درێژبکرێنەوە.

هەر ئەمڕۆش یەکشەممە وادەی قەدەغەکردنی هاتوچۆ کۆتاییهات لەسەر ژمارەیەک کاربەدەستی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، کە پێشتر بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەی هاتوچۆیان لەسەر دانرابوو.

XS
SM
MD
LG