Accessibility links

هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا


سەرۆک دانۆڵد ترامپ، لەمڕۆ دووشەممەوە دەست دەکاتەوە بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە 3 ستانی سەرەکییدا هاوکاتی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانەوەی کۆشکی سپی دەچێتە قۆناغێکی گرنگەوەبۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی لە بەرامبەر جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان.

سەرۆک ترامپ، گردبوونەوەکان لە ستانەکانی فلۆریدا و پێنسلڤانیا و ئایەوا دەکات، ئەم 3 ستانەش گرنگن بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا کە بڕیارە ڕۆژی 3ی مانگی یازدە بکرێت.

پێدەچێت سەرۆک ترامپ بنکە جەماوەرییەکانی خۆی هان بدات، لەڕێی بانگەشە کردن بۆ دادوەر ئەیمی کۆنی بارێت، دەستنیشانکراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پۆستی ئەندامێتی لە دادگای باڵای ئەمریکادا.

سیناتی ئەمریکا کە کۆمارییەکان تیایدا زۆرترایەتین، دەست دەکات بە دانیشتنەکانی خۆی بۆ متمانەدان بە دادوەر ئەیمی تەمەن 48 ساڵ.

پزیشکەکانی سەرۆک ترامپ، ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند کە سەرۆک ترامپ دەتوانێت دەست بکاتەوە بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن پاش ئەوەی کە وتیان چییدی مەترسی پەتای کۆرۆنا لەسەر سەرۆک ترامپ نەماوە.

هاوکات جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان، وەک نوێترین ئاماژە بە گەشبینی خۆی کە لە ڕاوەرگرتنە گشتییەکاندا لە پێش سەرۆک ترامپەوەیە، ئەمڕۆ دووشەممە دەڕوات بۆ ستانی ئۆهایۆ، کە لە ساڵی 2016دا سەرۆک ترامپ سەرکەوتنی تیادا بەدەستهێنا. ئەمەش دووهەم سەردانی بایدنە وەک هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ئۆهایۆ لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، پێشتر وەها دەبینرا کە ناتوانێت دەنگی ئەم ستانە بەدەست بێنێت بەڵام ئێستا وەک ئەنجامەکانی ڕاوەرگرتنە گشتییەکان نیشانی دەدەن، پێشەبڕکێکانی سەرۆکایەتی لە ستانی ئۆهایۆ زۆر نزیکن لە یەک.

XS
SM
MD
LG