Accessibility links

ئێران ژمارەیەکی پێوانەیی مردن بە کۆرۆنا تۆمار دەکات هاوکاتی دابەزینێکی زیاتری نرخی دراوی ئێرانی


کۆماری ئیسلامی ئێران بەرزترین ژمارەی مردن ڕادەگەیەنێت بە ڤایرۆسی کۆڤید 19 و دەڵێت 251 کەس بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و دەشڵێت دوو گەورە کاربەدەستی وڵاتەکەش توشی کۆرۆنا بوون.

ئەم ڕاگەیاندنانەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی پێوانەیی نرخی دراوی ئێراندا.

وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت سەرجەم ئەوانەی تا ئێستا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە مردون، ژمارەیان گەیشتۆتە 28544 کەس.

لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردووشدا 3822 کەس توشی ئەم پەتایە بوون و بەمەش ژمارەی توشبوون بە کۆڤید 19 گەیشتۆتە 500075 کەس.

لە نێو ئەوانەی لەم ماوەیەی ڕابردوودا توشی کۆرۆنا بوون، سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی ئێرانە.

سیما سادات لاری، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت نزیکەی 4500 کەس لەوانەی توشی کۆرۆنا بوون، باری تەندروستییان خراپە.

ئاژانسی نیمچە فەرمی دەنگوباسی تەسنیم دەڵێت عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی ئێران توشی کۆرۆنا بووە و لە ئێستادا ڕەوشی تەندروستی ساڵحی ڕوو لە باشییە. وەک تەسنیم لە ڕاپۆرتێکی تردا باسی کردووە، موحەمەد باقڕ نوبەخت، جێگری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری بودجە و پلاندانان توشی کۆرۆنا بووە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو وڵاتێک زیاتر کۆرۆنا زیانی لێداوە و تاران لە ململانێیەکی زۆردایە تا بتوانێت کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم پەتایە بکات.

هاوکات لە بازاڕەکانی ئاڵۆگۆڕی دراودا لە ئێران، نرخی دراوی ئێران زیاتر دابەزیوە و یەک دۆلاری ئەمریکایی بە 315000 ڕیال فرۆشراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2015دا کە ڕێککەوتنی ناوکی ئێران مۆرکرا، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکایی 32000 ڕیال بوو.

دابەزینی زیاتری نرخی دراوی ئێرانی لەمڕۆ یەکشەممەدا، پاش بڕیاری بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپە کە 18 بانکی ئێرانی خستە ناو لیستی ڕەشەوە.

XS
SM
MD
LG