کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 235 کەسی تر بە پەتای کۆرۆنا مردون،
ئەم ژمارەیەی ئەمڕۆ دووشەممە دەسەڵاتدارانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە یەکسانە بەو ژمارە پێوانەییەی10 هەفتە پێشتر بڵاوکرایەوە لە بارەی ئەوانەی بە کۆڤید 19 گیانیان لە دەستداوە.
سەبارەت بە توشبوونیش بە پەتای کۆرۆنا،ئێران ژمارەیەکی تری پێوانەیی ڕاگەیاندووە، ئەمەش دووهەم جارە لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا ڕێژەی توشبوون هێندە بەرزبێت.
تاران هەوڵێکی زۆر دەدات تا بتوانێت کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بکات.
ئێران بە خراپترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، لەوەتای مانگی 2ی ڕابردووەوە کە ئەم پەتایەی تیادا بڵاوبووەوە.
سیما سادات لاری، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت بەو ژمارەیەوەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا، سەرجەم ژمارەی مردوو لە ئێران بە پەتای کۆرۆنا بووەتە 27192 کەس، هەروەها دەشڵێت لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 3902 کەس توشی ئەم پەتایە بوون و بەمەش ژمارەی سەرجەم توشبووان بە کۆڤید 19 دەگاتە 475674 کەس.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ژمارەی مردن و توشبوون بەم پەتایە بۆ چەند هەفتەیەک کەم بوونەوە، بەڵام لە سەرەتای مانگی 9وە لە ئێران ، ئامارەکانی مردن و توشبوونیش لە هەڵکشاندا بوون.
خراپبوونەوەی ڕەوشەکە وەهای کردووە دەسەڵاتدارانی ئێران جارێکی تر ڕێوشوێنی توندی خۆ پاراستن بگرنە بەر لە ناوچەی تارانی پایتەخت بۆ ماوەی یەک هەفتە، وەک داخستنی شوێنە گشتییەکان و هەروەها ڕێگەنەدان بە کردنی نوێژی هەینی و بەڕێوەبردنی بۆنەکانی تریش.