Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر کۆچی دوایی ڕێبەری ئاینی ئێزیدییەکان بابە شێخ


ڕێبەری ئاینی ئێزیدییەکان بابە شێخ ( شێخ خرتۆ شێخ حاجی ئیسماعیل ) ڕۆژی پێنجشەممە لە تەمەنی 87 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

بابە شێخ سەرپەرشتیاری پەرستگای لالش بوو وەک ڕێبەرێکی ڕۆحی بەرزترین پێگەی ئاینی لەناو ئێزیدییەکاندا هەبووە.

بابە شێخ بە کەسێکی ئاشتی خواز ناودێر کراوەو یەکێک لە بڕیارە هەرە گرنگەکانی ئەم کەسایەتییە ئەوە بوو کە پاش کارەساتی شەنگال و ڕفاندی کچ و ژنە ئێزیدیەکان لە لایەن تیرۆرستانی داعشەوە، بڕیاری دا ئەو ژن و مناڵانەی ژێر دەستی داعش لە نێو کۆمەڵگەدا نەک هەر وەربگیرێنەوە بەڵکو بە ڕێزیشەوە لێیان بڕواندرێت.

نادیە موردا ڕزگاربووی دەستی داعش و وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە تویتیکدا دەڵێت " ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان بە کۆچی دوایی بابە شێخ ڕێپیشاندەرێکیان لەدەستدا. ئەو ڕێبەر ڕۆحیەی ئێزیدییەکان هەمو بەهاکانمان، ژیری، میهرەبانی و لەخۆبوردەیمانی بەرجەستە کردبوو. ئەو نمونەی ڕێبەرایەتی کردنی کۆمەڵگەبوو، بە خۆشەویستی و ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ ڕزگاربواندا کرد. هەرگیز لە یاد ناکرێت."

سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی لە پرسەناکەیدا بۆ جفاتی ئێزیدییەکان کە لەلایەن کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو کراوەتەوە دەڵێت " بابە شێخ كەسایەتییەكی ئایینی دیار و نیشتیمانپەروەری كوردی ئێزیدی بوو كە لە هەموو بارودۆخێكدا هۆكاری خێرخوازی و چارەسەركردن كێشەكان بووە لەناو خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و بۆ بڵاوكردنەوەی تەبایی و پێكەوەژیان درێخی نەكردووە. لە هەمانكاتیشدا بابە شێخ هێمایەكی ئایینی و مەعنەوی بووە و بە تایبەتیش لە بارودۆخی ئێستادا لەدەست دانی خەسارەتێكی گەورەیە.”

کەسایەتییە سیاسیەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پرسەو سەرەخۆشیان ئاراستەی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان کردووە.

سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح لە پەیامەکەیدا پاش دڵگرانی خۆی بە بۆنەی کۆچی دوایی بابە شێخەوە دەڵێت " بابەشێخ رۆڵی گەورەی هەبووە لە گێڕانەوە و بەخێرهاتنەوەی کوردانی ئێزدی کە لەلایەن داعش رفێندرابوون."

سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی لە پەیامەکەیدا دەڵێت " بابه‌ شێخ پاڵپشتێكی گه‌وره‌ بو بۆ برایه‌تی و خۆشه‌ویستی، هه‌روه‌ها پیاوێكی ئایینی و پیرۆز بو".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوەو دەڵێت بابە شێخ هەمو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی کوردان ئێزیدییەکان تەرخان کرد و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە بۆ پێکەوە ژیان.

سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە پرسەنامەکەیدا دەڵێت " جەنابی بابا شێخ کەسایەتییەکی دیار و خاوەن پێگەیەکی گرنگ بوو لە هەرێمی کوردستان و جیهاندا . ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئاینیی لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت. "

جێگری سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی دەڵێت " بابەشێخ کەسایەتییەکی چاکەخواز خزمەتگوزار و کۆکەرەوەبوو، ڕۆڵێکی گەورەی دی لەیارمەتیدانی ئێزدییەکان بۆ دەربازبوون لە شۆکی جینۆسایدی داعش، هەموو تەمەنی خۆشی بەخشییە ڕێنمایی و ڕابەرایەتی ئاینیی پەیڕەوانی ئاینی ئێزدی لە سەرانسەری جیھان. "

بڕیارە ڕۆژی هەینی تەرمەکەی بگەڕێتەوە شێخان و هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوەدەکەن لە گوندی بۆزان بەخاک دەسپێردرێت.

XS
SM
MD
LG