Accessibility links

پەمپێیۆ لە یۆنانە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەسینا و ئەنکەرە


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وڵاتی یۆنان دەستیکردووە بە وتووێژکردن بۆ هێورکردنەوەی پشێوی و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا و هەروەهاش بۆ بەرەوپێشبردنی هەنگاوە پرەنسیپییەکان لە دۆسێی دیالۆگی نێوان ئەسینا و ئانکەرەدا.

مایک پەمپێیۆ ئەمڕۆ دووشەممە دەستیکردووە بەو سەردانە 2 ڕۆژیەی بۆ یۆنان و سەردانەکەیش بە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆناندا دەستیپێکرد.

دوای کۆبوونەوەکەش هیچ لایەکیان ڕاگەیەندراویان بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام ئەمریکا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە خواستی یۆنان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سنورییەکانی لەگەڵ تورکیادا.

بەر لە سەردانەکەی پەمپێیۆ، گەورە کاربەدەستێکی ئەمریکایی ئاماژەی بەوە کردبوو، واشنتۆن دەخوازێت ئاستی ئەو پشێوی و ئاڵۆزییانەی نێوان ئانکەرە و ئەسینا کەم بکرێنەوە و هەروەهاش ئەگەرەکانی ڕووداوی بە مەبەست یان بێ مەبەست.

تورکیا و یۆنان کە هەردووکیان ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆن، لە ڕکابەریدان لەسەر گەڕان بە شوێن سوتەمەنیدا لە سنورێکی ئاوی مشتومڕ لەسەردا.

پەمپێیۆ، سبەی سێشەممە دەچێتە دوڕگەی کریت و لەوێش سەردانی بنکەی هێزی دەریایی ناتۆ دەکات لە بەندەری سۆودا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی 10ی ڕابردوودا، ڕێککەوتنێکی بەرگرییانەی لەگەڵ یۆناندا مۆرکرد. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا دەتوانن دامەزراوە لەشکرییەکانی یۆنان بە شێوەیەکی فراوانتر بەکاربهێنن.

دوای سەردانی یۆنان، پەمپێیۆ، سەردانی ئیتالیا و ڤاتیکان و هەروەها کرواتیاش دەکات.

لە ڕۆما، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتووێژ لەسەر هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ دەکات تا هاوپەیمانە ئەوروپاییەکان ڕابگرێت لە بەکارهێنانی کەرەستەکانی کۆمپانیای هواوی چین دروستیان دەکات، بۆ پەرەپێدانی تۆڕەکانی 5 جی.

وەهاش بڕیارە لە ڤاتیکان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئازادییە ئاینیەکان بکات و لەوێش ئاگاهی دەدات سەبارەت بە ڕەفتارەکانی چین لە بەرامبەر کەمایەتییەکانی وڵاتەکەدا، بە موسڵمانەکانیشەوە.

XS
SM
MD
LG