Accessibility links

کۆمپانیای دەرمانسازی ئەمەریکا دەست بە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی دوایی ڤاکسینی کۆڤد19 دەکات


کۆمپانیای گەورەی جۆنسن & جۆنسن لە ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمەریکا دەستی کردووە بە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی دوایی پێوانەی تایبەتی ڤاکسینی کۆڤد19 لە مرۆڤدا.

دکتۆر پۆڵ ستوفڵس ، بەڕێوەبەری باڵای زانستی کۆمپانیای جۆنسن & جۆنسن ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی گوت دەستکراوە بە لێدانی ڤاکسینەکە لە 60 هەزار بەشداربوو لە سەرانسەری 215 بنکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە ئەرجەنتین و بەرازیل و شیلی و کۆلۆمبیا مەکسیک و پیرۆ و هەروەها لە ئەفریکای باشووریش.

دکتۆر ستۆفڵس گوتی "کۆمپانیای جۆنسن & جۆنسن چووە قۆناغی دوایی پێوانەی تایبەتی ڤاکسینی کۆڤد19 لە مرۆڤدا ، دوای بینینی ئەنجامە باشەکانی هەردوو قۆناغی یەک و دوو لە ئەمەریکا و بەلژیکا.

ڤاکسینی کۆمپانیانی جۆنسن & جۆنسن ، چوارەم ڤاکسینە کە لە ئێستادا بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستێکی فراوندی تاقیکردنەوەدایە لە ئەمەیرکا و شانبەشانی کۆمپانیاکانی مۆدێرنا ، ئەسترازینیکا و هەروەها هەوڵێکی هاوبەشی کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێکی بنکە لە ئەڵمانیا بۆ ئەم مەبەستە کاردەکات .

هەرچواریان لە ژێر چاودێری هەڵمەتی بە ناوی Operation Warp Speed بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بۆ دەستپێشخەری ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام دەدرێت، کە مەبەستەکەی ئەوەیە هەتا مانگی 1 ی ساڵی 2021 ، 300 ملیۆن دانە ڤاکسین پەسەند بکرێت.

لەبەر ئەوەی ڤاکسینەکەی جۆنسن & جۆنسن یەک جار لێدەدرێت، باڵادەستی بەرچاوی هەیە بەسەر سیانەکەی تردا هەیە کە پێویست دەکات بە دوو بەش لێبدرێت. ئەو ڤاکسینەی کە بە جارێک لێدەدرێت پێویست ناکات لە کەشێکی زۆر ساردا دابنرێت، بۆیە ئاسانترە لە هەڵمەتی کوتانی گشتیدا بەکاربهێنرێت.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک ترامپ لە تویتەکەیدا، راگەیاندنەکەی کۆمپانیای جۆنسن & جۆنسنی ستایشکرد و نوسیبووی " ئەمە هەواڵێکی خۆشە کە چەندان کۆمپانیای زەبەلاحی دەرمانسازی ئەنجامە سەرسورهێنەرەکانیان بەدیدەکەن. گوتیشی دەبێت بەڕیوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان بە خێرایی بجوڵێت " واتە ئەو بەڕیوەبەرایەتییەی کە دووا ڕەزامەندی خۆی لەسەر هەر ڤاکسینێکی بەرهەمهێنراوی نوێ دەدات.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت رەنگە پێشنیارێکی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک ودەرمان رەتبکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵیک رێنومایی نوێی توند بۆ بەدەستهێنانی رێگەپێدانی تەنگەتاوی بۆ ڤاکسینی نوێی کۆڤید -19 و سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەمە لە هەنگاوێکی سیاسی دەچێت.

رێسا نوێیەکان ، کە یەکەمجار رۆژی سێ شەممە لەلایەن واشتن پۆستەوە ڕاگەیەندرابوو ، داوا لە بەرهەمهێنەرانی دەرمان دەکات چاودێری بەشداربوان بکەن لە قۆناغی دوایی تاقیکردنەوەکانی کلینیکی ڤاکسینەکە ، بەلای کەم بۆ دوو مانگ دوای ئەوەی دووەم و کۆتا دۆسی ڤاکسینی تاقیکردنەوەکەیان لێدەدرێت.

ئەگەر رێسا نوێیەکان پەسەندبکرێن، مۆڵەت پێدانی تەنگەتاویی دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە لە 3 ی مانگی 11 بەڕێوەدەچن، ئەو بەروارەی کە سەرۆک ترامپ بەردەوام پێشبینی بۆ دەکات کە ڤاکسینێکی لەمجۆرە دەکەوێتە بەردەست.

هەڕەشەکەی سەرۆک ترامپ بۆ رەتکردنەوەی پێشنیاری رێنوماییە نوێیەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان، بە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە بوو کە سەرۆک ئاژانسەکە بەڵێنیدا " زانست ڕێنمایمان دەکات بۆ بڕیاردان" لەودەمەی ئاژانسەکە بڕیاردەدات کە ئایا مۆڵەتی تەواو یان تەنگەتاویی بدات بۆ ڤاکسینێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە وتارەکەیدا بۆ کۆمیتەی تەندروستی، پەروەردە، کارو خانەنشینی سینات دکتۆر ستیفن هان گوتی؛ ئەو بڕیارانە بە پێی رینماییەکانی زانایانی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان دەدرێن بە" پێی چاوەڕوانییەکانی سەلامەتی و کاریگەری ئەم ئاژانسە."

بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکایی و ئاژانسەکانی دیکەی زانستی و رێکخەری فیدراڵی دەبینن کە متمانەیان کەمبووەتەوە بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕیوەبەرایەتی ترامپ بۆ گۆڕینو بژارکاری لە راپۆرتەکانی ئاژانسەکانی ئاماژەپێدراو وەک دەڵێن لە پێناو درێژەدانە بە روانگەکانی سەرۆک ترامپ لەسەر سروشتی پەتاکە.

وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا پێشەنگی جیهانە لە رووی ژمارەی گشتی حاڵەتەکانی کۆڤید 19وە، کە پتر لە 6.9 ملیۆنی تێپەڕاندووە ، هەروەها ئاماری مردوانی پەتاکە دەگاتە نزیکەی 202 هەزار کەس . وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکە وا رووبەڕوی هەڵكشان لە حاڵەتەکانی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبنەوە و پاڵ بە زۆرێک لەو وڵاتانەوە دەنێت کۆمەڵێک رێنومایی توند بسەپێننەوە ئەوانەی بۆ یەکەم جار لە کاتی سەرهەڵدانی پەتاکەدا دەرکران.

XS
SM
MD
LG