Accessibility links

کۆمارییە باڵاکان جەخت لە گرنگی گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەکەنەوە


کۆمارییە باڵاکان جەخت لە گرنگی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە ئەمەریکا دەکەنەوە، ڕۆژێک پاش ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ پابەندبوونی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە پشتڕاست نەکردەوە ئەگەر بێت و لە هەڵبژاردنەکاندا بە جۆو بایدن بدۆڕێت.

سەرۆک تراپ لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە گوتی " دەبێت بزانین چی ڕوودەدات، من زۆر بە توندی سکاڵام لە سەر دەنگدانەکان هەبووە دەنگدانەکان کارەساتێکن."

ترامپ بە بەردەوامی، بەبێ بەڵگە، پێشبینی ئەوەی کردووە ساختەکاری لە ملیۆنان دەنگی بە ڕێگای پۆستەدا ئەنجام دەدرێن، کە دیموکراتەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هانی ئەو جۆرە دەنگدانە دەدەن.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەکرد "دەمەوێت ئەم شێوازە دەنگدانە نەمێنێت ( دەنگدانی بەکۆمەڵ بە ڕێگای پۆستە)." هەروەها گوتیشی " گواستنەوەی (دەسەڵات) نابێت لە ڕاستیدا ئەمە بەردەوام دەبێت."

ڕێبەری زۆرینە لە سینات مچ مککانەڵ ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا گوتی " براوەی هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11 لە 20 ی مانگی 1 سوێندی یاسایی دەخوات. گواستنەوەیەکی ئاسایی دەسەڵات دەبێت هەر وەکو چۆن لە ساڵی 1792 وە هاتووە."

سیناتۆری فلۆریدا مارکۆ ڕوبیۆ گوتی " لە نیوەڕۆی 20 ی 1 ی ساڵی 2021 سەرۆک بە ئاشتیانە سوێندی یاسایی دەخوات."

ئەندامی کۆنگرێس لیز چێنی ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند " گواستنەوەی دەسەڵات بە ئاشتیانە لە دەستوری ئێمەدا هاتووە و بنچینەی ڕزگاربوون یان کۆمارەکەمانە."

سیناتۆری لەمێژینەی کۆماری لینزی گراهام بە کەناڵی فۆکسی ڕاگەیاند " ئەگەر کۆمارییەکان بدۆڕێن، ئێمە ئەنجامەکان پەسەند دەکەین."

بەرهەڵستی دیموکراتی سەرۆک ترامپ جۆو بایدن‌یش وەڵامی لێدوانەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ترامپی دایەوە.

جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی
جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی

جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی گوتی " ئێمە لە چ وڵاتێک دەژین؟ من گاڵتەم پێدێت. گوتم ئێمە لە چ وڵاتێکداین؟ بڕوانە بێماناترین قسەی کرد. نازانم چی بڵێم".

یەکێک لە گروپە هەرە کۆنەکانی مافی دەستوریی وڵاتەکەش لەو بارەیەوە لێدوانی دا.

دەیڤد کۆڵ بەڕێوەبەری یاسایی نیشتمانی یەكێتی ئازادییە سڤیلییەکانی ئەمەریکا گوتی " گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات گرنگە بۆ کارکردنی دیموکراسی. ئەم لێدوانەی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێویستە هەمو ئەمەریکاییەک نیگەران بکات."

سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، سەرۆک ترامپ گوتی پێی وایە هەڵبژاردنەکانی مانگی 11 " دەگاتە دادگای باڵا و پێم وایە زۆر گرنگە ئێمە 9 دادوەرمان لەوێ هەبێت."

سەرۆک پلانی هەیە ڕۆژی شەممە پاڵێوراوەکەی خۆی بۆ دادگای باڵا ڕابگەیەنێت بۆ پڕکردنەوەی کورسی دادوەری لیبراڵ ڕوت بەیدر گینسبەرگ کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد.

ئەگەر سینات بەر لە هەڵبژاردنەکانی کاندیدەکەی سەرۆک بۆ دادگای باڵا پشتڕاست بکاتەوە ئەوا باڵی پارێزکاران لە دادگا دەبن بە شەش بەرامبەر 3 ی لیبراڵ.

سەرۆک ترامپ دەڵێت " ئەم فێڵەی کە دیموکراتەکان دەیکەن، فێڵەکە دەچێتە بەردەم دادگای باڵای ئەمەریکا، پێم وایە ئەگەر چوار بە چوار بن ئەوا بارودۆخێکی باش نابێت."

سەرۆک بە بەردەوامی نیگەرانی لەمەڕ بەرنامەکانی ژمارەیەک ویلایەت دەربڕیوە لەوانەدا کالیفۆرنیا، کۆلۆرادۆ، هەوای، نێڤادا، نیوجێرزی، ئۆریگەن، یوتا، ڤێرمۆنت و واشنتن کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک فۆڕمی دەنگدان بە ڕێگەی پۆستە بۆ هەمو دانیشتوان بنێرن.

بنجەمن گینسبەرگ، پارێزەری بالای هەڵژباردن کە نوێنەرایەتی چوار کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری کردووە، لەم مانگەدا لە زاریەوە گوتراوە کە پێشبینییەکانی سەرۆک ترامپ لەسەر ساختەکاری لەم جۆرە زۆرەی هەبژاردن بە ڕێگەی پۆستە لەسەر بنەمای هیچ بەڵگەیەک نییە.

XS
SM
MD
LG