Accessibility links

کەسوکاری قوربانییە بەریتانییەکانی دەستی داعش خۆشحاڵن بە دادگاییکردنی ژمارەیەک چەکداری داعش


لە دەستە چەپەوە ئەلیکساندا کۆتی و ئەلشەفی ئەلشێخ، لە دەمی وتووێژێکیاندا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد، لە نێوەندی ئاسایش لە شاری کۆبانێ، سوریا، 30 ی مانگی 3ی ساڵی 2018.

کەسوکاری دوو بەریتانی کە لە لایەن شانەیەکی داعشەوە کوژراون، ڕۆژی چوارشەممە پێشوازیان لە بڕیارێکی دادگا کرد بۆ پێشخستنی دادگاییکردنی دوو هاووڵاتی خەڵکی لەندەن کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەو بەریتانییانە بە شێوەیەکی دڕندانە.

خێزانی ئالان هینینگ و دەیڤد هاینس ڕایانگەیاند بڕیارێکی دادگای باڵای لەندەن کە ڕێگە دەدات بە حکومەتی بەریتانیا بەڵگەکان سەبارەت بەو گومانبارانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمەریکادا هاوبەش بکەن "دەرئەنجامێکی گەورە بوو بۆ ئێمە".

لە بەیاننامەیەکدا کە ڕێکخراوی خێرخوازی بارمتەی نێونەتەوەیی بڵاویکردۆتەوە ئەوان دەڵێن "ئێمە تەنها ویستوومانە کە ئەو دوو پیاوە ببینین بەرپرسیاربکرێن و لە دادگایەکی ڕەواو دادپەروەرانەوە لەسەر کردارەکانیان دادگایی بکرێن."

بەڵگەکان لەسەر ئەلشەفی ئەلشێخ و ئەلیکساندا کۆتی دەستبەجێ پاش بڕیارەکەی ڕۆژی سێشەممەی دادگا ڕوانەی واشنتن کرا.

ئەو پیاوانە هەردووکیان ڕەگەزنامەی بەریتانیان لێسەندراوەتەوە و ئێستا لە زیندانی لەشکری ئەمەریکادان لە عێراق.

شانە چوارکەسییەکەی کۆتی و ئەلشێخ بەهۆی شێوازی قسەکردنیان بە ئینگلیزی بە " بیتەڵس" ناسراون. ئەوان تۆمەتبارن ئەشکەنجەدان و کوشتنی قوربانیان، لە ناویاندا سەربڕین و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی کوشتنەکان بۆ مەبەستی پروپاگەندەکردن بۆ داعش.

پرۆسەیەکی یاسایی دوو ساڵی لەسەر ئەو گومانبارانە لە مانگی ڕابوردوو تێکچوو کاتێک وەزیری داد ویلیەم بار گوتی ئەگەر پاش دادگاییکردنیان لە ئەمەریکا تاوانبار بکرێن ئەوا لەسێدارە نادرێن.

ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت دادگاییان بکات بە تۆمەتی کوشتنی ڕۆژنامەوانانی ئەمەریکایی جەیمس فۆلی و ستیڤن سۆتلۆف، و کارمەندێکی ڕێکخراوی خێرخوازی پیتەر کەیسج لە میانەی ساڵی 2014 و 2015دا.

شوفێری تاکسی هینیگ و ئەندازیاری پێشوی فڕۆکە هاینس، هەردوکیان بۆ کاری کۆمەک و هاوکاری چووبوون بۆ سوریا لە ساڵی 2014 سەربڕان.

یەکێک لە قوربانییە گومانلێکراوەکانی تری دەستی ئەو شانەیە وێنەگری بەریتانی جۆن کانتلی‌یە، کە لە ساڵی 2012 لە سوریا ڕفێندراو لەو کاتەوە بێسەروشوێنە.

خوشکەکەی کانتلی، جەسیکا پۆکۆک باس لە ناوخۆشییەکانی چاوەڕوانی کەسوکارەکان دەکات. ئەو بە ڕادیۆی بی بی سی ڕاگەیاند " هەندێک کات بە تەواوەتی هەستمان بەبێ هیوایی دەکرد و دەمانگوت دەبێت سیستمێکی یاسایی هەبێت بتوانیت ئەم دوانە بهێنێتە بەردەم دادگا، ئایە شتێکی وا ڕوودەدات."

گوتیشی " ئەوە هەمیشە بۆ ئێمە گرنگ بوو کە دادگاییەکی بەجێ و ڕەوا بکرێن. خێزانەکانی هیچی تریان ناوێت دادگاییەکی ڕەوا نەبێت."

وەزارەتی دادی ئەمەریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای بەریتانیا کرد و سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ ناردنی ئەو بەڵگانە هەرچەندە هەتا ئێستا کاتی دادگاییکردنەکە دیاری نەکراوە.

XS
SM
MD
LG