Accessibility links

ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە دانیشتنێکی مێژوویی دەستپێدەکات


بۆ یەکەم جار لە مێژووی 75 ساڵەیدا، ڕێبەرانی 193 وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی دەستپێکردنی کۆبونەوەی گشتی ڕێکخراوەکەدا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە وتاری ساڵانەی خۆیان بە ڕێگای ڤیدیۆ پێشکەش دەکەن لە بری ئەوەی خۆیان لەوێ بن.

دانیشتنەکەی ڕۆژی سێشەممە بریتی دەبێت لە پەیامێکی تۆمارکراوی سەرۆکی بەرازیل ژەیر بۆرسۆنارۆ بۆ هێشتنەوەی نەریتی دەیان ساڵە کە لە ساڵی 1940 وە دامەزراوە، دواتر دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا وەک سەرۆکی وڵاتی میوانداری نەتەوە یەکگرتووەکان وتارە تۆمارکراوەکەی پێشکەش دەکات. سەرکردە دیارەکانی تری جیهان کە پەیامە تۆمارکراوەکانیان ڕۆژی سێشەممە نیشنان دەدرێن ئەمانەن ، ڕەجەت تەیب ئەردۆغانی تورکیا، شی جینپینگی چین، ڤلادیمیر پوتینی ڕوسیا و ئیمانوێل ماکرۆنی فەرەنسا.

ئامادەبووانی هۆڵی ئەنجومەنی گشتی بۆ تەماشا کردنی وتارەکان تەنها یەک نوێنەری هەر وڵاتێکی ئەندام، یەكێتی ئەوروپا و نوێنەری چاودێری فەلەستین کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە لەوێ ئامادە دەبن.

وێستگەی پاکژکەرەوەکان لە ڕێڕەوەکانی هۆڵەکەدا دانراوە و نوێنەرەکانیش پێویستە دەمامک بپێچن بەڵام پشکنینی پلەی گەرمی لەشیان بۆ ناکرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی دووشەممەدا یادی 75 ساڵەی خۆی کردەوە هاوکاتی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا، کە هەتا ئێستا بە پێی ئامارەکانی نێوەندی لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای زانکۆی جۆنس هۆپکنس زیاتر لە 960 هەزار کەسی کوشتووەو نزیکەی 31 ملیۆن و 2 سەد هەزار کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ڕایگەیاند " پەتای کۆڤد 19 جیهانی لاواز کردووە. ئێمە تەنها دەتوانین پێکەوە چارەسەری بکەین، ئەمڕۆ ئێمە زیاد لە پێویست ئاستەنگی هاوبەشمان هەیە بەڵام چارەسەری هاوبەشمان کەمە."

نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاش جەنگی جیهانی دووهەم لە ساڵی 1945 دامەزرا بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە ناوکۆکییە گەورەکانی تر.

گۆتێرێس گوتی " جەنگی جیهانی سێهەم، کە زۆر کەس لێی دەترسا، ڕێگری لێ کراوە. هەرگیز لە مێژووی هاوچەرخدا ئەوەندە ساڵ تێنەپەڕیوە بەبی ڕووبەڕووبونەوەی سەربازێ لە نێوان زلهێزەکاندا، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە کە دەبێت ئەندامەکان شانازی پێوە بکەن و دەبێتە هەمومان تێبکۆشین بۆ پاراستنی."

ئەو ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە ناویاندا، کەمکردنەوەی برسێتی و هەژاری، هاوکاریکردنی ملیۆنان قوربانی ناکۆکییەکان و کارەسات و بنبڕکردنی نەخۆشییەکان. بەڵام گوتیشی ئەو کارانەی کە لە بەردەممانن زۆرن.

ئەو گوتیشی " بیست و پێنج ساڵ بەسەر پلاتفۆرمی کرداری بێژینگ تێپەڕ دەبێت، نایەکسانی جێندەر هێشتا گەورەترین ئاستەنگی بەردەم مافەکانی مرۆڤە لە سەرانسەری جیهاندا. هەڕەشەکانی کارەساتی کەشوهوا دەردەکەون. ئەو هەمەڕەنگەییەی کە لە پێکهاتەکانی گیانلەبەرانی سەرزەویدایە بەرەو تێکچووندەچێت. ڕێژەی هەژاری جارێکی تر بەرز دەبێتەوە. ڕق بڵاودەبێتەوە. ئاڵۆزییە جیۆپۆلتیکییەکان هەتا دێت زیاتر دەبن. چەکی ناوکی هەر مەترسییەکی سەرەکیە. گۆڕانکاری تەکنەلۆژیا دەرفەتی نوێی ڕەخساندووە بەڵام هەڕەشەی نوێیشی هێناوەتە ئاراوە."

کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 2020
کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 2020

بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکە لە ئەمەریکا و ئەمەریکا گەورەترین پارەبەخشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ڕەخنەگربووە لەو ڕێکخراوە جیهانییە و بەخشینی پارەو هاوکارییەکانی بۆ چەندین ئاژانسی ڕاگرتووە، لە ناویاندا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ.

جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان چێریت نۆرمان چالێت دەڵێت ڕێکخراوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕێگری لە چاکسازی ڕاستەقینە کردووە و شەفافیەتی تێدا نییە. ئەو گوتی " یادی 75 ساڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێکی تەواوە بۆ ئەوەی پرسیار بکرێت لەسەر بەهێزی و لاوازی ڕێکخراوەکە، پێداچوونەوەو فێر بوون لە شکستەکانەوە و دەستخۆشی کردن لە دەستکەوتەکان."

نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵیادەکەی وەک ساتێک بۆ ڕەنگدانەوە بەکاردەهێنێت. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە 80 وڵاتی جیاوازەوە لە ڕاوەرگرتنێکی جیهانیدا سەبارەت بە کارەکانی ئەو ڕێکخراوە بۆچوونی خۆیان گوتووە.

نزیکەی 90% ی دەڵێن هاوکاری نێونەتەوەیی گرنگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگەکانی ئەمڕۆدا و پەتای کۆرۆناش پێویستی هاوکارییەکانی جیهانی زیاتر کردووە. نزیکەی سێ بەشی بەشداربوان پێیان وایە نەتەوە یەکگرتووەکان " گرنگە" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی جیهان، بەڵام ئەوان دەشخوازن ڕێکخراوەکە گۆڕانکاری بکات و نۆێکاری بکات.

ئەنجومەنی گشتی بۆ ئەو یادە ڕاگەیاندنێکی دەرکرد، کە لە بەشێکیدا دەڵێت"هیچ ڕێکخراوێکی تری جیهانی بە ڕەوایەتی، ڕاگەیاندنی دەسەڵات و کاریگەری بنچینەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوەنییە. هیچ ڕێکخراوێکی تری جیهانی هیوا بەو ژمارە زۆرەی خەڵکی نابەخشێت."

XS
SM
MD
LG