Accessibility links

سەرۆک ترامپ جەخت لەسەر دەستنیشانکردنی دادوەرێک دەکاتەوە بۆ دادگای باڵای ئەمریکا


سەرۆک ترامپ دەڵێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کاندیدی خۆی بۆ دادگای باڵای ئەمریکا ڕادەگەیەنێت.

ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ دەشێت ببێتە مایەی ململانێیەکی تری سیاسی بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە ڕۆژی 3ی مانگی یازدە بکرێت.

سەرۆک ترامپ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، دەڵێت "ڕۆژی هەینی یان شەممە ڕایدەگەیەنم و ئەو کاتە کارکردن دەستپێدەکات و هیوادارم کارێکی زۆر نەبێت."

هەفتەی ڕابردوو، ڕوت بەیدر گینسبەرگ، دادوەری باڵا مرد، کە بە یەکێک لە دەنگە لێبراڵەکانی دادگای باڵای ئەمریکا دادەنرا.

ئەمەش سێهەم جارە سەرۆک ترامپ دادوەر دەستنیشان بکات وەک کاندیدێکی تر بۆ دادگای باڵای ئەمریکا، کە وەک دەرفەتێکە بۆی تا زۆرینەیەکی کۆنەپارێز ببنە ئەندامی ئەو دادگایە.

جۆو بایدن، ڕکابەری سەرۆک ترامپ لەم هەڵبژاردنانەی سەرۆکایەتیدا، لە پێشەنگی داواکاندایە لە سیناتی ئەمریکا کە کۆمارییەکان تیایدا زۆرترایەتین، تا دەنگدان بە دادوەری نوێی دادگای باڵا دوابخرێت تا ئەو کاتەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕادەگەیەندرێت.

بایدن دەڵێت "پەلەکردن لە پشتڕاست کردنەوە و پەسەندکردنی دادوەرێکی نوێ، بێ هیچ چەندوچوونێک خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە."

بەڵام سەرۆک ترامپ لە دیمانەکەیدا لەگەڵ فۆکس نیوس، جەختی کردەوە لەوەی هیچ دوو دڵ نابێت لە نیشاندانی هێزی سیاسی خۆیدا و هاوپەیمانەکانیشی لە سیناتدا دەڵێن هیوادارن سەرۆک ترامپ ئەو هەنگاوە بنێت.

XS
SM
MD
LG