Accessibility links

سەپاندنەوەی سزا نێونەتەوەییەکان بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا


ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەپێندرێنەوە بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا و ئاگاهیش دەدات لە جێبەجێنەکردنی ئەو سزایانە.

هاوکات زۆرێک لە وڵاتان بە هاوپەیمانەکانی واشنتۆنیشەوە ئەم بڕیارەی ئەمریکا وەها ناودێر دەکەن کە "بنچینەیەکی یاسایی نییە."

لە مانگی ڕابردوودا تاران ئەم میکانیزمە کە پێی دەگوترێت "سناپ باک" ڕەت کردەوە و داوای لە وڵاتانی جیهانیش کردووە هاوهەڵوێست بن دژی ئەم هەنگاوەی واشنتۆن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەمریکا پێشوازی لە سەپاندنەوەی زۆربەی هەرە زۆری سزاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات بە سەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا."

مایک پەمپێیۆ، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەشی بەوە کردووە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئەم بڕیارەی ئەمریکا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو ڕێوشوێنانە ئاشکرا دەکرێن بەرامبەر بەو وڵاتانەی پێشێلی ئەو سزایانە دەکەن و دەڵێت "ئەگەر وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان شکستیان هێنا لە سەپاندنی ئەم سزایانەدا بەسەر ئێراندا، ئەوا ئەمریکا دەسەڵاتی ناوخۆیی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ سزادان، وەک هەنگاوێک بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران هیچ دەستکەوتێکی نەبێت لەو جموجۆڵانەی دەیانکات کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەدەغە کراون.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی سزاکان ئەو وڵاتانەش دەگرنەوە کە وابەستەی سەپاندنەوەی ئەو سزایانە نابن بەسەر ئێراندا.

لە ساڵی 2015دا پاش ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێراندا ئەو سزایانە هەڵگیران.

لە ساڵی 2018دا سەرۆک ترامپ لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و سزای توند و قورسی ئەمریکاشی سەپاند بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

لە ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتوویەتی "وەها چاوەڕوان دەکەین کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و تەواوی وڵاتانی جیهانیش دژی ئەم هەنگاوانەی کۆشکی سپی بوەستنەوە و یەک دەنگ بن."

وەها چاوەڕوان دەکرێت، سەرۆک ترامپ هاوکاتی وتارەکەی ڕۆژی سێشەممەی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لە وردەکاریی ڕێوشوێنەکانی ئەمریکا بکات.

مایک پەمپێیۆ، ناڕەزاییەکی توندی دەربڕیوە بەرامبەر فەڕەنسا و بەریتانیا و بەوە گوناهباریشیان دەکات، وەک دەڵێت "بەلای ئایەتوڵاکاندا دایدەشکێنن."

کۆشکی سپی بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ڕوونکردنەوەی خۆی بدات سەبارەت بە چۆنییەتی سەپاندنەوەی سزاکان و هەروەهاش بڕیارە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و خەزێنەی ئەمریکاش چۆنییەتی سزادانی تاکە کەسەکان و ئەو کۆمپانیایانەش بخەنە ڕوو کە پێشێلکاری لە سزاکاندا دەکەن بۆ بەرژەوەندی ئێران.

XS
SM
MD
LG