Accessibility links

باڵیۆزی ئەمریکا بۆ چین دەست لەکار دەکێشێتەوە


باڵیۆزی ئەمریکا بۆ وڵاتی چین دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژی دووشەممەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

مایک پەمپێیۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا سوپاسی تێری برانستاد دەکات و دەنوسێت "بەشداری هەبووە لە سەرلەنوێ هاوسەنگ کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چیندا، بە شێوازێک بە ئاڕاستەی بەرەنجامی هاوبەش و ڕەوادا بردوونی."

هۆکارەکانی پشت دەست لەکارکێشانەوەی باڵیۆزی ئەمریکا بۆ وڵاتی چین نادیارن و وەزارەتی کاروباری دەرەوەیی چین دەڵێت هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی لەسەر ئەم دەست لە کار کێشانەوەیە بە دەست نەگەیشتووە.

لە ساڵی 2017وە تێری، نوێنەرایەتی واشنتۆنی کردووە لە بێژینگ هاوکاتی کەوتنەوەی ئاڵۆزی لە پەیوەندییە دوو لایەنییەکانی نێوان هەردوو پایتەختدا بەهۆی بازرگانی و مشتومڕە هەرێمییەکان و پەتای کۆرۆنا و هەروەهاش پشێویەکانی هۆنگ کۆنگەوە.

لە مانگی 6ی ڕابردوودا تێری لەلایەن بێژینگەوە بانگ دەکرێت، دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ بەرنوسی یاسایەکی مۆر کرد کە زەمینەی ڕەخساند بۆ سەپاندنی سزا بەسەر هۆنگ کۆنگدا کە وەزارەتی دەرەوەی چین بە "دەستێوەردانێکی ناڕەوا لە کاروباری چیندا" ناودێری کرد.

ئەم باڵیۆزەی ئەمریکا بۆ وڵاتی چین، لە ساڵی ڕابردوودا، داوای لە بێژینگ کرد تا دیالۆگێکی بابەتیانە لەگەڵ دەلای لاما دەستپێبکات هاوکاتی سەردانێکی بۆ ناوچەی تبت.

حکومەتی چین بەوە گوناهبار دەکرێت سەرکوتکردنێکی بەرفراوان دەکات لەو ناوچەیەدا.

تێری برانستاد، یەکێک بوو لەوانەی لە سەرەتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2016وە پشتیوانی لە سەرۆک ترامپ کردووە و تیمەکەی سەرۆک ترامپیش وەها ناودێریان دەکرد کە "تێگەیشتنێکی گەورەی هەیە بۆ چین و هەروەهاش گەلی چین."
تێری وەک باس دەکرێت پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ سەرۆکی چیندا هەیە و دەشگوترێت لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ یەکەم جار یەکیان بینیوە.

XS
SM
MD
LG