سەرلەبەیانی ڕۆژی 11 ی سپتەمبەری 2001، یەکێکە لە بیرەوەرییە یەکەمەکانی ئێدن تێر.
ته نها 3 ساڵ بوو کاتێک گروپی تیرۆریستی ئەلقاعیده 4 هێرشی ڕێکخراوی بە بەکارهێنانی چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ڕفێندراو کردە سەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. دوو لە فڕۆکەکان خۆیان کێشا بە دوو باڵەخانەکەی نێوەندی بازرگانی جیهانی لە شاری نیویۆرک، لە کاتێکدا ئەوەی سێهەم دای بە پەنتاگۆندا، بنکەی وەزارەتی بەرگری، لە نزیک واشنتن. سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەی چوارەمیش، کە بڕوادەکرێت ئامانجەکەی کۆشکی سپی بووبێت، دەستیان بەسەر فڕۆکەکەدا گرت و لە کێڵگەیەکی پەنسلڤانیا کەوتە خوارەوە.
دایکی تێر لە ناوەڕاستی ڕۆژەکە لە باخچەی ساوایان هەڵیگرت.
ئەو ڕۆشتەوە بۆ ماڵەوە لە سپرینگفیڵدی ڤێرجینیا، کە نزیکەی 15 خولەک دوورە لە پەنتاگۆنەوە، تێری لەبەردەم تەلەفیزیۆنەکە داناو خۆی بە پەرێشانییەوە دەستی کرد بە تەلەفۆنکردن بۆ، برادلی تێری باوکی، کە لەو ڕۆژەدا لە پەنتاگۆن کاری دەکرد بەڵام بە سەلامەتی دەرچووبوو.
تێر کە ئێستا تەمەنی 22 ساڵە دەڵێت " دیمەنێکی ئاڵۆز، ڤیدیۆیەکی لەرزۆکی کاتێک دووهەم فڕۆکە دەکێشێت بە تاوەری دووهەمدا بەردەوام لە هەواڵەکان نیشان دەدرا. تەنها ئەو گرتەیەم لە بیرە کە بە بەردەوامی نیشان دەدرایەوە".
لەو ڕۆژەدا 2،977 کەس کوژران لەگەڵ هەر 19 فڕۆکە ڕفێنەرەکانی ئەلقاعیدە. ئەو هێرشە کوشندەترین هێرشی تیرۆرستی بوو بۆ سەر خاکی ئەمەریکا.
نۆزدە ساڵ پاش ئەو ڕووداوە، تێر ئێستا پێنجهەم ساڵییەتی لە زانکۆی کەیس وێسترن ریسێرڤی ئۆهایۆ، کە لە یەککاتدا بۆ فیزیا، بیرکاری و زمانی ئەڵمانی دەخوێنێت. سەرەڕای ئەو وێنانەی کە لە هزریدا ماونەتەوە، تێر تەنها چەند شتێکی زۆر کەمی ئەو ڕۆژەی بیرماوە.
بۆ ئەو ئەمەریکاییانەی تەمەنیان گەورەترە بە پێچەوانەوە، 11 ی سپتەمبەر یەكێکە لەو ڕۆژانەی کە هەمویان لەبیرەو هەرگیز بیریان ناچێتەوە. بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی نێوەندی پیو لە ساڵی 2011، دە ساڵ پاش ڕووداوەکە %97 ی ئەمەریکاییەکانی کە لە کاتی هێرشەکەدا تەمەنیان لە هەشت ساڵ بەسەرەوەر بووە ڕێک بیریان بوو کاتێک هەواڵەکەیان بیست لە کوێ بوون.
هەرچەندە بۆ ژمارەیەکی زۆری گەنجەکان 11ی سپتەمبەر بابەتێکە کە لە دەمی خەڵکی ترەوە بیستویانە.
کرستینا لیو، تەمەن 22 ساڵی خەڵکی شاری نیویۆک دڵێت " وەکو بابەتێکە کە لە کتێبی مێژوودا فێربوبین، وەکو جەنگی جیهانی دووهەم." کرستینا لە ساڵی ڕابوردوو زانکۆی نیویۆرکی تەواو کرد و لەم مانگەدا وەکو یاریدەدەری ئەندازیار لە سیستمی ڤیڤا لە کۆمپانیایەکی کالیفۆرنیا دەستبە کار دەکات.
لیو کە هەست دەکات ناتوانێت جیاوازی بکات بکات لە بیرەوەرییەکانی 11 ی سپتەمبەر لەگەڵ کێشەی بڕینی کارەبا لە بەشێکی زۆری سەرانسەری باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 دەشڵێت " هەرچەندە ئەو ڕووداوە کاتێک بووە کە من هەبووم بەڵام وا هەست دەکەم زۆر لە من دوورە."
لێکۆلەرانیش پێیان وایە بیرەوەرییەکان بۆ گروپە جیاجیاکانی کۆمەڵگە جیاوازن.
لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2016دا، لێکۆڵەران هاوەرد شومن و ئێمی کۆرنینگ لەگەڵ زانکۆی مشیگەن لە پەیمانگای ئاربۆر بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، زانیارییەکانی ڕاپرسییەکانی چەند ساڵەی جەنگی ڤێتنامیان لەگەڵ ئەو پێشبینیانەدا بەراورد کرد کە نەوەی نوێی ئەمەریکا ڕەنگە چۆن بیر لە ڕووداوەکانی 11 ی سپتەمبەر بکەنەوە.
توێژینەوەکەیان تیشکی خستە سەر " ساڵە گرنگەکان " کە تیایدا دەڵێت ئەو ڕووداوانەی کە لە کاتێکدا ڕوودەدەن مرۆڤەکان تەمەنیان لە 10 بۆ 30 ساڵان بێت زۆرترین کات بیریان دەبێت و کاریان تێدەکات. ئەوانەی لە کاتی ڕووداوێکدا تەمەنیان لە 30 زیاترە ڕەنگە هەندێک شتی کە پێشتر لە ژیانیان ڕوویداوە بە گرنگتر بزانن، لە کاتێکدا ئەوانەش کە لە 10 ساڵ منداڵترن ڕەنگە بە تەواوەتی لێی تێنەگەیشتبێتن و زۆر گرنگ نەبێت بەلایانەوە.
شومان و کرۆنینگ لە لێکۆڵینەوەکەیاندا کە لە گۆڤاری جیهانی ڕاوەرگرتنی گشتیدا بڵاو کراوەتەوە، دەڵێن " ئەو ڕووداوانەی کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە خوێندنگە یان میدیاوە دەیانبیستی .... هەمان کاریگەری ڕاستەوخۆی نابێت جا گرنگ نییە چەندێک ڕووداوەکە گەورەبێت."
هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە هێرشەکانی 11 ی سپتەمبەر زۆرترین کاریگەری بیرەوەری لەسەر ئەوانە دروست کردووە کە لە سەرەتای هەشتاکان هەتا ناوەڕاستی نەوەدەکان لە دایک بوون.
جاک دۆرسی سەرۆکی نێوەندی نەوەی بە وزە لە ساڵی 2019 بە گۆڤارزی کارداری گوتووە " 11 ی سپتەمبەر ڕووداوێکی پێناسەکردن و دابەشکردنە، یان لەبیرتە بە هەمو خەمەکانەوە و یان هەر بیرت نییە. ئەگەر بیرت نەبێت ئەوا تۆ لە نەوەی Z ت" ) نەوەی Z بەو نەوەیە دەگوترێت کە لە ناوەڕاست بۆ کۆتایی نەوەدەکان لە دایک بوون).
زۆربەی ئەمەریکاییە گەنجەکان لە پاش ڕووداوەکانی 11 ی سپتەمبەرەوە لە دایک بوون، کە شتەکانی وەکو باری ئاسایشی توندی فڕۆکەخانە، ترس لە ئیسلام و یان شەڕی ئەمەریکا دژ بە تیرۆر ئەو ڕاستیانەن کە هەمیشە بینراون.
کامریێن پێرمانی تەمەن 21 ساڵانی خەڵکی لۆس ئانجلس کە نزیکەی 70 هەزار موسوڵمانی ئەمەریکایی لەوێ دەژین، دەڵێت " لە ڕاستیدا من نەمزانیبوو کە چ کارەسات و وێرانکارییەک لەو ڕۆژەدا ڕویداوە". ئەو باس لە گەشتکردنی دەکات لەگەڵ هاوڕێ موسوڵمانەکانی کە بەبەردەوامی دەستنیشان دەکرێن بۆ پشکنینی زیاتر لە فڕۆکەخانەکان.
پیرمانکە دەرچووی زانکۆی کالیفۆرنیایە دەڵێت " بۆ من تەنها شتێک کە هەستم پێکردووە کاردانەوەکانی پاش ڕووداوەکە بوون ئەوەش بڵاوبوونەوەی ترس لە ئیسلام لە سەرانسەری وڵاتدا. لەو کاتەوە ئەمە بەشێک بووە لە جیهانی من."
بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2007 کە لە گۆڤاری Ethnicity in Criminal Justice بڵاوکراوەتەوە لە چەند هەفتەیەک پاش ڕووداوەکانی 11 ی سپتەمبەرەوە تاوانی ڕەق و کینەی دژ بە ئیسلام لە ئەمەریکا سەری هەڵدا. سەنتەری ئیسلامی باشوری کالیفۆرنیا لە لۆس ئانجڵس داوای کرد پۆلیس بیپارێزێت پاش ئەوەی لە ئەنجامی رووداوەکاندا هەڕەشەی لێ دەکرا.
سەعدیە فەهیمولی تەمەن 22 ساڵان کە هاوڕێی پێرمانە دەڵیت لەبیرێتی کە دایک و باوکی پێیان گوتووە لەگەر سەلامەتی خۆت پێویست ناکات بە خەڵکی بڵێیت کە موسوڵمانیت.
فەهیمول کە ساڵی ڕابوردوو زاکۆی بێنتلی لە ماساچوسێتس تەواو کرد گوتی " جارێکیان لە پۆلەکەمدا باسم کرد موسوڵمانم کاتێک لە ناوەندی بووم و کەسێک لێی پرسیم ' پێت ناخۆش بوو کاتێک ئوسامە بن لادن کوژرا' پێم وابێت ئەوان بە ڕاستی پێیان وابوو ئەو بەشێک بوو لە ئاینەکەمان لە کاتێکدا وا نییە ئەو تەنها توندڕەوێک بوو. هەر نازانم چۆنیش وەڵامم دایەوە، بەڵام بیرمە زۆر شۆک بووم بەوەی کە تەنانەت پرسیارێکی لەو جۆرەش بکرێت."
وا دیارە گەنجەکان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر 11 ی سپتەمبەر و کاردانەوەکانی پاش ئەوە.
پێرمان دەڵێت " سەیرە بەلامەوە کە ئەمەریکاییەکان چۆن هەڵی دەبژێرن چییان بیربمێنێت و تیشک دەخەنەک سەر هێرشێک بۆ سەر ئەمەریکاییان لەلایەن خەڵکانێک لە دەرەوەی وڵاتەکەوە، بەڵام ئەوەندە نیگەرانی ئەو هێرشانە نین کە کراوەتە سەر خەڵکی ئەم وڵاتە لەلایەن خەڵکی خودی وڵاتەکەوە."
پێرمان ئاماژە بە ڕەگەزپەرستی و ئەو فەرق و جیاوازیانە دەکات کە خۆی و ڕەش پێستەکانی تر و کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازەکان (LGBTQ) ڕووبەڕووی دەبنەوە جگە لە کەمینەکانی تریش. ئەو ئاماژەی بە کۆی مردووەکانی ئەم پەتایەی ئێستاش کرد کە بەپێی ئاماری زانکۆی جۆنس هۆپکنس نزیکەی 200 هەزار کەسی لە ئەمەریکا کوشتووە.
بەرزبوونەوەی ئاستی ترس لە ئیسلام لەگەڵ شەڕی 20 ساڵەی بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا لە دەرەوەی وڵات ئەو هۆکارانەن کە تێر دەڵێت پێی وابوو " زۆر گرنگە " بیرەوەرییەکانی 11 ی سپتەمبەر بۆ نەوە لە دوای نەوە باس بکرێت. ئەو دەڵێت " ئەمە شتێک نییە لە هزرت بیهێڵیتەوە، بە ڕای من تۆ 11 ی سپتەمبەرت بیرە چونکە کڵێشەیەکە بۆ هەمو شتەکانی تری کە ڕوویان دا."
پاش 11 ی سپتەمبەری ساڵی 2001 وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵمەتێکی نێونەتەوەیی دەستپێکرد کە بە' شەڕی دژ بە تیرۆر ناسراوە' هەمو گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئافریکا و ئاسیا کران بە ئامانج.
بە پێی ڕاپرسییەکای هاوبەشی زانکۆی براون و زانکۆی بۆستن هەتا کۆتایی ئەم مانگە خەرجییەکانی ئەمەریکا لەو شەڕانەی کە پاش 11 ی سپتەمبەرەوە سەریان هەڵدا دەگاتە 6 ترلیۆن و 4 سەل ملیار دۆلار. ئەو لێکۆڵینەوەیە بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر. لە لێکۆڵینەوەکانی تر پێکەوە مەزەندە کراوە زیاتر لە 800 هەزار کەس لەوشەڕانەدا کوژرابن و زیاتر لە 37 ملیۆنی تریش ئاوارە بوون.
فەهیمول دەڵێت " 11 ی سپتەمبەر تراجیدیا بوو و پێویستە یادی بکەینەوە، بەڵام پێم وابێت پێویستە بشزانین پاش ئەوە چی ڕوویدا."
ئەو دەڵێت " زۆربەی جار دەڵێین، بیرتە 3 هەزار کەس کوژران.... بەڵام ئێمە ئەو منداڵ و خێزانانەمان بیر نییە کە لە ئەنجامی شەڕی پاش ڕووداوەکان کوژران، هەمو ئەوانەی کە ئاوارە بوون و هەروەها ئەو خەڵکەش کە لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی و ڕەق و کینە بوونەوە."
بۆ تەیلەر بلێر، تەمەن 21 ساڵانی خەڵکی کارۆلاینای باکور جۆرێکی ترە. یەکێک لە هاوڕێکانی دایکی لەو ڕۆژەدا لەدەست دا . داپیری بایر کە کارمەندی فڕۆکەوانی بوو چەند کاتژێمرێک بەر لەوەی بچێتە نێو فڕۆکەکەی بۆ واشنتن یەکەم فڕۆکە کێشای بە باڵەخانەی نێوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک.
بلێر خوێندکاری سایکۆلۆژی لە زانکۆی کارۆلاینای باکور دەڵێت " ڕووداوەکە بە چ شێوەیەک کارتێکردووی وەها لێی دەروانیت."
ئەو گوتیشی " هەرچەندە ئاسانە بڕوانیتە شتێک کە پەیوەندندی پێتەوە نەبووە و بپرسی ئایە ئەمە گرنگە ئێستا، بەڵام ئەمە بەڕاستی کاری کردە سەر ژیانی هەزاران کەس، ئەوانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا ڕەنگە کەسانێک نەبووبن کە ناودار بن بەڵام ژیانیان هەبوو خێزانیان هەبوو."
ئێستا سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یادکردنەوەی ئەو کارەساتە بەردەوامە. مۆنۆمێنتی 11 ی سپتەمبەر و مۆزەخانەی شاری نیویۆرک لەمڕۆدا کرانەوە بۆ ئەو خێزانانەی کە ڕووداوەکە کاریتێکردن و لە ڕۆژی داهاتووش بۆ خەڵکی ئاسایی. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەش کاربەدەستان لە شوێنی کەوتنی فڕۆکەکەی پەنسلڤانیا ئەوە بەشەی زەوییان هەڵکەند کە دەبێتە ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەستنەوەی هەرسێ مۆنۆمێنتە سەرەکییەکانی 11 ی سپتەمبەر پێکەوە.